پۆلیسی ویلایەتەکە رێوشوێنی ئەمنی توندی گرتووەتە بەر
چووبوو تۆڵە لە کۆرۆنا بکاتەوە
پۆلیسی ئەمریکا تەقەکەرەکەی ئەتڵەنتای کوشت
ژووری هەواڵ
پۆلیسی ئەمریکا بەرەبەیانی ئەمڕۆ رایگەیاند ئەو تەقەکەرەیان کوشتووە کە پەلاماری ناوەندی کۆنترۆڵکردنی نەخۆشییە گوازراوەکانی داوە لە زانکۆی ئیمۆری لە ئەتڵەنتا.
پۆلیس دەڵێت: تەقەکەرەکە بە چەکەوە خۆی کردووە بەناوی حەرەمی زانکۆی ئیمۆری لە ئەتڵەنتاو دەستڕێژی گولەی کردووەو زۆربەی گولەکانی بە ئاڕاستەی ئەو باڵەخانەیە بوون کە ناوەندی کۆنترۆڵکردنی نەخۆشییە گوازراوەکانی تێدایە، بەهۆی ئەوەوە پۆلیسێک بریندار بووە.
پۆلیسی ئەو دەوروبەرە زوو هاتوونەتە دەست و وەڵامی تەقەکەرەکەیان داوەتەوەو کوشتویانە، فەرماندەی پۆلیسی ئەتڵەنتا کەمێک لەمەوبەر رایگەیاند: تەرمی تەقەکەرەکە لە نهۆمی دووەمی باڵەخانەیەک دۆزراوەتەوە کە دەکەوێتە بەرامبەر شوێنی تەقەکردنەکە.
هەرچەندە تائێستا نازاندرێت ئامانجی تەقەکەرەکە چیبووە، بەڵام کەناڵی CNN دەڵێت: پۆلیس لەسەر ئەو بنەمایە لێکۆڵینەوە دەکات کە تۆمەتبارەکە بەهۆی ڤاکسینی کۆڤید 19 (کۆرۆنا) تووشی نەخۆشی بووە.