دەوام ناوەستێت

زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر لێکۆڵینەوە لە ئاگرکەوتنەوەی کۆگایەکی دەکات

فەرهاد حەسەن

سەرۆکایەتی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر رایگەیاند، دەستیان بە لێکۆڵینەوە کردووە لە هۆکاری ئاگرتێبەربوونی کۆگایەکیان لە شەوی رابردووودا کە بووەتە هۆی سووتانی هەندێک کەلوپەل.

لە روونکردنەوەیەکی زانکۆکەدا هاتووە، بەهۆکارێکی تائێستا نەزانراو ئاگرێک لە کۆگایەکی هەڵگرتنی کەلوپەلی کۆن و لەکارکەوتووی هەردوو کۆلێژی تەکنیکی ئەندازیاری و کۆلێژی تەکنیکی کارگێڕی لە کەمپەسی دووی زانکۆمان کەوتەوە.

ئاماژەی بەوەکردووە، تیمەکانی بەرگریی شارستانی هەولێر زۆر بەخێرایی گەیشتنە شوێنی روووداوەکە و ئاگرەکە کۆنترۆڵ بکەن و دەلێت، هیچ زیانێکی گیانی یاخود برینداربوون نەبووە و زیانەکان تەنیا ماددی بوون و تەنیا بەشێک لەو کەلوپەلە کۆن و لەکارکەوتووانەی گرتووەتەوە کە لە دەرەوەی بەکارهێنانی ڕۆژانەی زانکۆ بوون.

زانکۆکە بۆ دڵنیابوونەوە لە هۆکاری سەرەکی ئاگرەکە، لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان دەستی بە لێکۆڵینەوە کردووە و دەشڵێت “دڵنیایی دەدەینە هەموولایەک کە ئەم رووداوە هیچ کاریگەرییەکی لەسەر دەوامی ناو کەمپەسەکە نابێت و پرۆسەی کارگێڕی بە ئاسایی بەردەوام دەبێت”.