ئاوی زێی بچووک - وێنە: 964
"مەترسیی دروستکردووە"
ئێران لە بەردانەوەی ئاو ئاگاداری لایەنی هەرێمی کوردستان ناکاتەوە
964+
محەمەد عەلی ـ پشدەر
وڵاتی ئێران بەنداوی کۆڵەسەی لە سنووری وڵاتەکەی و لەسەر زێی بچووک دروستکردووە، بە کردنەوە و گرتنەوەی ئاوەکە لایەنی هەرێمی کوردستان ئاگادار ناکاتەوە، بۆەیە هەر تاو ناتاوێ لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان هەواڵی ئەوە بڵاودەکرێتەوە، بەردانەوەی ئاوەکە مەترسی بۆ گەشتیاران دروست کردووە
مارف مەحمود، بەڕێوەبەری فەرمانگەی ئاوی قەڵادزێ ئەمڕۆ پێنجشەممە 7.8.2025بە 964ـی وت، ئێران بۆ بەرهەم هێنانی کارەبا سوود لە گرتنەوەی ئاوەکە وەردەگرێت بۆیە بەریدەداتەوە، هەرکاتێک پێویستی بە زیادبوونی کارەبا بێت ئاوەکە دەکاتەوە، لەو کاتەشدا هەرێمی کوردستان ئاگادار ناکاتەوە لەبەردانەوی ئاوەکە، بۆیە مەترسی بۆ ئەوکەسانە دروست دەبێت کە لەرۆخی زێیەکەدان.
بەردەوام گرتنەوە و کردنەوەی ئاوەکە لەدووبارە بونەوە دایە، ئەو بەڕێوەبەرە وتی، زۆرجار بۆ ماوەیەکی درێژ ئاوەکە گیراوەتەوە، لە وەرزی هاوینیشدا ئێمە ئاگادار نەکراوینەوە، هەرجارە و لەکاتێکی نادیاردا ئاوەکە دەگرێتەوە و بەریدەداتەوە، ئەمەش مەترسی زیاترە چونکە کاتەکەی دیارنیە، زۆر جاریش گەشتیاران بۆ بەسەربردنی کاتێکی خۆش دەچنە سەر زێی بچووک لە پڕ ئاستی ئاو زیاد دەکات.
جگە لەو مەترسییە، لەلایەکی ترەوە خۆشحاڵین بە کردنەوەی ئاوەکە، ئەمساڵ وشکەساڵییە بوونی ئاوی خواردنەوەی دانیشتووانی قەڵادزێ بەندە بەپڕۆژەی ئاوی خاسەوە کە %95ـی ئاوی خواردنەوەی دانیشتووانی قەڵادزێ دابین دەکات، ئەگەر بێت و ئاوەکە بەر نەداتەوە تووشی گرفتی کەم ئاوییەکی زۆر دەبین، مارف مەحمود، وای وت.
زێی بچوک نزیکەی 400 کیلۆ مەتر بە خاکی باشوری کوردستاندا تێدەپەڕێت، لە گوندی هەرزنە لە قەزای پشدەر دەڕژێتە هەرێمی کوردستانەوە، جگە لە پڕۆژەی ئاوی خواردنەوەی قەڵادزێ و سلێمانی، سەدان حەوزی ماسی و هەزاران دۆنم زەوی کشتوکاڵیشی بەراو کراو ئاو دەدات.
پێداچوونەوە: ئەحمەد مستەفا