کارەکانی چی دەبێ؟

لە ئابدا کۆمسیۆنی “ئاشتی” لە پەرلەمانی تورکیا دەستبەکار دەبێ

964+
ئەحمەد مستەفا

بە قسەی سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا، ئەو کۆمسیۆنە 51 کەسییەی کە بۆ چارەسەری پرسی کورد لە پەڕلەمان پێک دەهێنرێ، هەفتەی یەکەمی مانگی ئاب رادەگەیەندرێ و کارەکانی دەستپێ دەکات.

کۆمسیۆنە کە ئەندامی پارتەکانی پەرلەمانی تێدایە، کارەکانی بە هەموارکردنەوەی ژمارەیەک یاسا دەستپێ دەکات.

ئەمڕۆ چوارشەممە 30.7.2025، نوعمان کورتولموش سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا لە جنێڤی سویسرا وە قسەی بۆ رۆژنامەوانان کرد و وتی، هەفتەی یەکەمی مانگی ئاب “مانگی هەشت” کۆمیسیۆنەکە دەست بە کارەکانی دەکات، کە بە دانانی چەک، بەرپرسیارێتی دەکەوێتە سەرشانی پەرلەمانی تورکیا، وەک ئەوەی پلانی بۆ دانراوە.

بەگوێرەی سەرۆکایەتی پەرلەمانی تورکیا لیژنەکە لە 51 ئەندام پێکدێت، داوا لە ئاکپارتی کرابوو 21 ئەندام، جەهەپە 10 ئەندام، هەریەکە لە دەم پارتی و مەهەپە 4 ئەندام، هەریەکە لە ئیی پارتی و رێبازی نوێ 3 ئەندام بۆ ئەو مەبەستە دەستنیشان بکەن؛ هەریەکە لە هوداپار، یەنیدەن رەفاهـ، پارتی کرێکاران، پارتی رەنجدەران، پارتی دیموکرات و پارتی سۆسیال دیموکراتیش ئەندامێکیان بۆ دانراوە.

سەرۆکی پەڕلەمان وتی، ئەم کۆمیسیۆنە لەگەڵ دانانی چەکدا، چەند هەموارکردنەوەیەکی یاسایی ئەنجام دەدات، ئەمە بابەتی گفتوگۆی سیاسی نییە، بەڵکو پڕۆسەیەکە، تێیدا 86 ملیۆن مرۆڤی گەلەکەمان دەبێت بۆ چارەسەری ئەم پرسە فیداکارانە خەبات بکەن، هەرکات کارەکانی پەرلەمان دەستی پێ کردەوە، هەفتەی یەکەم تەرخان دەکەین بۆ ئەم بابەتە.

رۆژی هەینی، 25.7.2025، بە نوسراوێکی فەرمی داوای لەو پارتە سیاسییانە کرد کە لە پەرلەمان فراکسیۆنیان هەیە، تاوەکو کاتژمێر 17:00ی رۆژی 31.7.2025 ناوی ئەندامەکانیان بۆ کۆمیسیۆنەکە بنێرن، تاوەکو ئێستا هەریەکە لە دەم پارتی و مەهەپە ناوی چوار ئەندامەکەی خۆیان بۆ لیژنەکە دیاری کردووە.

پڕۆسەی ئاشتی چۆن سەریگرت و قۆناغەکانی دوای خۆهەڵوەشان...

پڕۆسەی ئاشتی چۆن سەریگرت و قۆناغەکانی دوای خۆهەڵوەشاندنەوەی پەکەکە چین؟