دیمەنی کارکردن لە بەشێک لە پڕۆژەی دوو سایدی کەرکوک - موسڵ وێنە: پارێزگای کەرکوک
"رێگەیەکی ستراتیژییە"
%62ـی رێگەی دووسایدی کەرکوک – موسڵ تەواوکرا
964+
ژێوار خدر
کارکردن لە پرۆژەی دروستکردنی هێڵی دووەمی رێگەی ستراتیژیی موسڵ – کەرکوک بەردەوامە و نزیکەی %62ـی کارەکانی تەواو بووە، ئەم پرۆژەیە بە یەکێک لە پڕۆژە گرنگەکانی پارێزگای کەرکوک دادەنرێت کە لە چوارچێوەی یاسای ئاسایشی خۆراک و گەشەپێداندا بودجەی بۆ تەرخانکراوە.
پارێزگای کەرکوک دەڵێت، درێژیی گشتیی رێگەکە 127 کیلۆمەترە و پارێزگای نەینەوا بە پارێزگای کەرکوکەوە دەبەستێتەوە و بە ناوچەکانی گوێڕ و دیبەگەدا تێدەپەڕێت، ئەمەش وا دەکات ببێتە رێگەیەکی ستراتیژیی گرنگ بۆ ئاسانکاریی و کەمکردنەوەی رووداوەکانی هاتوچۆ.
دەشڵێت، رێگەکە دەبێتە هۆی هاندانی جوڵەی ئابووری و بازرگانی لەنێوان هەردوو پارێزگادا.
پرۆژەکە لە دوو بەشی سەرەکی پێکدێت:
بەشی یەکەم: لە سنووری پارێزگای نەینەوا بە درێژیی 78.350 کیلۆمەتر.
بەشی دووەم: لە چوارچێوەی پارێزگای کەرکوک بە درێژیی 48.850 کیلۆمەتر.
روونیشیکردووەتەوە، لە درێژایی رێگەکەدا 10 پردی گەورە و 265 پردی بچووک (کەلڤەرت) دروست دەکرێن، لەگەڵ هەشت بازنە و ناوچەی تایبەت بە خێراکردن و خاوکردنەوەی هاتوچۆ.