بۆ بەرهەمهێنەرانی مریشک

عەلەف و هێلکەی خراپتان پێ درا پارەکەی مەدەن بە کۆمپانیا

964+

دیلان محەمەد جەزا – سليمانى

کۆمەڵەی کێڵگە پەلەوەرییەکانی هەرێمی کوردستان دەیەوێت، هەموو خاوەن پرۆژەکانی بەرهەمهێنانی مریشک، ئاگاداربکاتەوە ئەگەر هەر کۆمپانیایەکی عەلەف یان هێلکەی تروکاندن خراپی دا بە خاوەن کێڵگەکان گەر بەڵگەی لابوو با پارەیان پێ نەدات.

سەرۆکی کۆمەڵەکەیان دەڵێ، بەهۆی بێ پشتیوانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، زیانی گەورە بۆ خاوەن کێڵگەکان دروست بووە.

ئەمرۆ پێنجشەممە 24.7.2025، نازم عەبدوڵا، سەرۆکی کۆمەڵەی کێڵگە پەلەوەرییەکان بە 964 وت، بەهۆی نەبوونی پشکنینی تەندروستی بۆ هێلکەی تروکاندن و کوالێتی خراپی عەلەف، خاوەن پرۆژەکان تووشی زەرەر دەبن، دواتر ناتوانن پارەی هێلکە و عەلەف بە کۆمپانیاکانی فرۆشتن بدەن.

ئەوان، داوا لە هەموو خاوەن پرۆژەکان دەکەی هەرکات زانییان بەهۆی ئەو کۆمپانیایانە تووشی زیان بوون و بەڵگەی تەواویان هەیە، با پارەکە نەدەن بە کۆمپانیاکان، نازم عەبدوڵا دەڵی، هەربۆیە بەردەوام خاوەن کێڵگەکان لە زیاندان، بێ دڵنیابوونەوە پارەیان رادەست دەکەن.

هۆکاری سەرەکی ئەم کێشەیە بە نەبوونی پشکنینی پێویست بۆ هێلکەی تروکاندن دەگەڕێتەوە، پێویستە پێش هاتنە ناو هەرێم پشکنین بۆ میکۆپلازما، ئەدینۆڤایرۆس، سامۆنێلا، و ڤایرۆسی کەمخوێنی ئەڤیان بکرێت، ئەم نەخۆشییانە سەرچاوەی نەخۆشی و مردنی جوچک و مریشکن و زیانێکی ئابووری کاریگەر بە بەرهەمهێنان دەگەیەنن.

سەرۆکی کۆمەڵەی کێڵگە پەلەوەرییەکان باسی لەوەکرد، حکومەتی هەرێمی کوردستان پشتیوانییان ناکات، ئەوانیش بارگرانی زۆریان بۆ دروست بووە، وە هێشتا قەدەغەکردنی مریشکی بەستووی بەتەواوی جێبەجێ نەکردووە، وە رێگای خوارووی عێراقی گرتووە، کە ئەمەش وای لە کەرتی ئاسایشی خۆراک کردووە لە پلەیەکی مەترسیداردا بمێنێتەوە.

کۆمەڵەکە هۆشیاری داوە کە ئەگەر چارەسەر نەکرێت، کەرتی بەرهەمهێنانی مریشک لە هەرێم دەکەوێتە قەیرانیەکی قوڵترەوە، کە ئەمەش کاریگەری ڕاستەوخۆی لەسەر ئابووری و ئاسایشی خۆراکی خەڵک دەبێت، ئەوە لە حاڵێکدا، پێویستی ناوخۆ ساڵانە 147 هەزار تۆن مریشکە، بەڵام ئەوان لەو ماوەیەدا 400 هەزار تۆن بەرهەمدەهێنن و زیاتر لە 250 هەزار تۆن زیادەی بەرهەمیان هەیە و بۆیان ساغ ناکرێتەوە.

پێداچوونەوە: ئەحمەد مستەفا

کۆمەڵەی کێڵگە پەلەوەرییەکان: ساڵانە 250 تۆن مریشکمان بۆ ...

کۆمەڵەی کێڵگە پەلەوەرییەکان: ساڵانە 250 تۆن مریشکمان بۆ ساغنابێتەوە