دە ئۆتۆمبێلی فریاکەوتن بۆ نەخۆشخانەکانی پارێزگای سلێمانی دابین کران

ڤیدیۆ

میدیازان – دیلان محەمەد – سلێمانی

وەزارەتی تەندروستی حکومەتی هەرێمی کوردستان ١٠ ئۆتۆمبێلی فریاکەوتنی بۆ نەخۆشخانە حکومییەکانی سنووری پارێزگای سلێمانی دابین کرد، بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی پارێزگاکەش دەڵێت لۆدی سەر نەخۆشخانەکان بۆ گواستنەوەی نەخۆش کەمدەبێتەوە.

هیچ یەکێک لە ئەمبوڵانسەکان لە نەخۆشخانەکانی سنووری شاری سلێمانی دانانرێت، بەڵکو دەبرێنە پێنجوێن، دەربەندیخان، سەیدسادق و شارەزوور. سەرجەم ئۆتۆمبێلەکان ئامێری پێویستی تەندروستییان تێدایە.

د. سەباح هەورامی بەڕێوەبەری تەندروستی سلێمانی بە میدیازانی راگەیاند، پێنجوێن و دەربەندیخان هەر یەکە و سێ ئۆتۆمبێلی فریاکەوتنیان بەردەکەوێت و سەیدسادق و شارەزووریش هەر یەکەو دوو ئۆتۆمبێلی فریاکەوتن.

لەبارەی کەمی بەنزین بۆ ئۆتۆمبێلەکانی فریاکەوتن لە شاری سلێمانی د. سەباح وتی، “کێشەی کەمی بەنزین نییە و کێشەی کەمی نەختینە هەیە و بەنزینخانەکان بەچەک بەنزینمان پێنافرۆشن و دەبێت بە نەقد بێت و لە ئێستادا کەمێکی چارەسەر کراوە.”

بەڕێوەبەرێتی گشتی تەندروستی سلێمانی ١١٥ ئۆتۆمبێکی فریاکەوتنی ھەیە کە لە کاردان و بۆ ھەر ئەمبولانسێک دوو کارمەندی ھەیە.

پێشتریش لە مانگی ئابی ساڵی رابردوو ١٠ ئۆتۆمبێلی دیکەی فریاکەوتن بۆ نەخۆشخانەکانی شەھیدانی پێنجوێن، شەھید رەئوف بەگ لە ھەڵەبجەی تازە، شەھید شەوکەتی حاجی موشیر لە سەید سادق، شەھید تۆفیق بەگ لە سنووری پارێزگای سلێمانی دابین کران.

ڤیدیۆ تایبەت بە میدیازان