فرۆشیارێک لە هەولێر
فرۆش کەمە و جوملەچییەکان داوای قەرزەکانیان دەکەنەوە
964+
عەبدولعەزیز خالند – هەولێر
تاک فرۆشێک لە گەڕەکی کوردستانی هەولێر دەڵێ، بەشێک لە کۆ فرۆشەکان هەموو رۆژ بۆ پارەی قەرز تەلەفۆنمان بۆ دەکەن، لەدۆخی وادا کە دابەشکردنی موچە دواکەوتووە، رۆژانە تەنیا بای چوار هەزار دەفرۆشین.
ئەو تاک فرۆشە، بە قورسی دەزانێ بتوانن لە ماوەیەکی کەمدا قەرزەکانیان بدەنەوە و دەڵێ، دەبێت کۆ فرۆشەکان “جوملەچییەکان”، لەم دۆخەی ئێستا تێبگەن.
لە هەرێمی کوردسان، موچەی مانگەکانی پێنج و شەش دابەش نەکراوە، و وا لە کۆتایی مانگی حەوت نزیک دەبنەوە، بەڵام موچەخۆران ئەوەشی پێیان بوو خەرجییان کردووە، ئێستا تاک فرۆشەکان لەگەڵ بەشێک لە کۆ فرۆشەکان، کێشەی پێدانەوەی قەرز و ژاوردەی کەلوپەلییان بۆ دروست بووە.
محەمەد بەزاز، قوماش فرۆشە و بە 964ی وت، کە “جوملەچییەکان” کەلوپەلمان پێ دەدەن، بۆ ماوەی هەفتە، 15 رۆژ تا مانگێک لە پارەکەی دەوەستن، دوای ئەوە داوای دەکەن، ئێستا بەهۆی دۆخی دارایی لە هەرێمی کوردستان، گرفتمان بۆ دروست بووە.
ئەو وتی، رۆژی وا هەیە، دێین دوکان دەکەینەوە و دایدەخەین هیچ ئیش نییە، جاری وایە بە خۆم و براکەم تەنیا چوار هەزار دینار پەیدا دەکەین، داوامان لە “جوملەچییەکانە” ئەوانیش دەزانن موعاناتی ئەو خەڵکە چییە و سەبرمان لەسەر بگرن، بە سێ رۆژ و هەفتەیەک ناتوانین پارەکانیان بدەینەوە.
پێداچوونەوە: ئەحمەد مستەفا