دیمەنی یەكێك لەو بارهەڵگرانەی لە زاخۆ سووتا.
هۆکاری گڕگرتنی هیچیان دیار نییە
بارهەڵگرێك لە زاخۆ سووتا و ئەمە چوارەمە لەم هەفتەیەدا
964+
شڤان عەبدوڵا – زاخۆ
ئەمڕۆ دووشەممە 21.7.2025 بارهەڵگرێک لەسەر جادەی ئیبراهیم خەلیلی زاخۆ گڕی گرت و دواتر لەلایەن بەرگریی شارستانییەوە بەبێ زیانی گیانی کۆنتروڵ کرا، ئەمە چوارەم حاڵەتی سووتانی بارهەڵگرەكانی لە هەفتەیەكدا و هۆكاری گڕگرتنیشیان نادیارە.
لە ماوەی هەفتەیەکدا بەبێ ئەوەی هۆکارەکە بزانرێت چوار بارهەڵگر لە دوو رووداوی جیاجیا گڕیان گرت و سووتان، لە رووداوی یەکەمدا کە 14.7.2025 رویدابوو، دوو شوفێر بە سەختی برینداربوون و گواسترانەوە بۆ نەخوشخانەی سووتان لە دهۆک، یەکێک لە شوفێرەكان بەهۆی سەختیی برینەکەیەوە لە هەمان نەخوشخانە گیانی لەدەست دا و ئەوی دیکە تا ئێستاش لە ژێر چاودێریی چڕدایە.
د. شرین ئەنوەر، بەڕێوەبەری نەخوشخانەی سووتان لە دهۆک بە 964 وت، هەموو هەوڵێکمان دا، بەڵام بەداخەوە بەهۆی سەختی برینەكەیەوە شۆفێرێک گیانی لەدەست دا، شوفێرەکەی تریش تا ئێستا لەژێر چاودێریدایە:
لەسەر زیادبوونی حاڵەتەكانی سووتانی بارهەڵگرەکان، 964 لەگەڵ موقەدەم جەمال هەسن، بەڕێوەبەری بەرگریی شارستانیی زاخۆ قسەی كرد و ئەویش وتی، “تا ئێستا ئێمەش هۆکارەکە نازانین، بەڵام گومانمان لە چەند شتێک هەیە، ئەویش شوفێرەکان بۆ دروستکردنی خواردن بوتڵی غاز لەناو بارهەڵگرەکانیان دادەنێن، یان ماوەیەکی زۆری ئیشکردنی ماکینەی بارهەڵگرەکە، بەفرگر و فێنككەرەوەی ناو بارهەڵگرەکانیش جێی گومانن”.
وتیشی، با شوفێرەکان بەردەوام وریابن لە بوتڵی غاز و جارجار پشوو بە ماکینەی ئۆتۆمبێلەکانیان بدەن، لە کاتی خەوتنیش مەترسییە فێنككەرەەوە ئیش بكات.
پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا