برا بچووكەكەی شتێك دەربارەی دەزانێت
مێردمنداڵێک له کەلار دوو رۆژە بێ سەروشوێنە
میلاد جەلال – گەرمیان
مێردمنداڵێکی تەمەن 16 ساڵان، بەناوی کاروان زاھید، دانیشتووی قەزای کەلار، ماوەی دوو رۆژە لەماڵ دەرچووە و تائێستاش ھیچ سۆراغێکی نیيە و نازانرێت بۆ کوێ رۆشتوە.
كەسوكارى کاروان زاھید تائێستا پۆلیسیان ئاگادار نەكردووەتەوە، بەڵام خۆی باسی ئەوەی كردووە بەنیاز بووە بڕوا بۆ دەرەوەی وڵات.
زاھید زوبێر، باوکی کوڕەکە بۆ 964ـى دەگێڕێتەوە، كه کوڕەکەى ھیچ گرفتێکی نیيە و لەگەڵ ماڵەوەش ھیچ ناخۆشی و عاجزیەکی نەبووە، تا بەھۆیەوە ماڵ بهجێبھێڵێت و دوو رۆژە لە ماڵ دەرچووە و تائێستاش سۆراغی نازانن.
بەنیازی ئەوەی بیدۆزنەوە باوكی تائێستا سكاڵای لای پۆلیس تۆمارنەكردووە و داواش دەکات ھەرکەس کوڕەکەیانی بینی، پەیوەندی پێوە بکەن لە رێگای ئەم ژمارەیەوە: (07705485648)
برا تەمەن حەوت ساڵەكەی باسی ئەوە دەكات، ماوەیەک پێش ئێستا لای ئەم دركاندوێتی کە دەڕوا بۆ دەرەوەی وڵات، بەڵام ئەو پاسپۆرتی نيیە و تەنیا تەسکەرە و پارەیەکی كەمی لەگەڵ خۆی بردووە.
کاروان زاھید، کۆتا جار لە رۆژی پێنجشەممە 17.7.2025 کاتژمێر 1:25 خولەکی نیوەڕۆ لەناو بازاڕی کەلار بینراوە و دوای ئەوە ژمارەکەشی داخستووە و جەرەسی بۆ ناچێت.
پێداچوونەوە: محەمەد فاتیح