لەسەر رووبەری 25 دۆنم دروستکراوە
عەلوەی نوێی سەوزە و میوەی پێنجوێن کرایەوە
964+
کامیار کەمال – پێنجوێن
عەلوەی نوێی سەوزە و میوەی پێنجوێن لەسەر رێگەی گەرمک و نزیک چەمی پێنجوێن کرایەوە و عەلوەکە 28 دووکانی تێدایە.
هیوا سەرکانی، سەرپەرشتیاری عەلوەی نوێی پێنجوێن بە 964ـی وت، عەلوەکە لەسەر رووبەری 25 دۆنم زەوی دروستکراوە و رووبەرەکەی شیاوە بۆ کشتوکاڵی پێنجوێن و گۆڕەپانی تایبەت بە شوتیشی تێدایە.
وتیشی، عەلوەکە 28 جێگای کڕین و فرۆشتنن، کوالێتی کۆنترۆڵ و قەپانیشی تێدایە و هێشتا چەند خزمەتگوزارییەکی ماوە تەواو ببێت و کارکردن بەردەوام دەبێت تیایدا.
سەبارەت بەو دوو گردبوونەوەی کرا دژی عەلوەی نوێی پێنجوێن لە هەفتەی رابردوو، هیوا سەرکانی وتی، بۆ بابەتی سەرانەسەندن راست نییە ئەو بابەتە بە یاسا راست دەکەنەوە، هەرچی دەربارەی خاوەن کەپرەکانیشە وتی، با بێن لەم عەلوە کار بکەن و دەرگایان کراوەیە و هیچ گرفتێکیان نییە لەگەڵیان کۆبوونەوەشیان پێکەوە کردووە.
پێشتر بڕیارێک هەبووە کە لەکاتی کردنەوەی عەلوەی نوێی پێنجوێن، پێویستە کەپرەکان یاخود عەلوە کاتییەکان لاببرێت.
پێداچوونەوە: ژێوار خدر