وریاى ئۆتۆمبێلەکانتان بن
بەرگرى شارستانى: لە کاتژمێر 10ـى بەیانى تا 4ـى ئێوارە مەچنە بەر تیشکى خۆر
964+
وریا فەتاح
شەپۆلێکى گەرماى بەهێز رووى لە ناوچەکانى هەرێمى کوردستان کردووە و بەرگرى شارستانى ئاکرێش چەند رێنمایی و هۆشدارییەک رادەگەیەنێت.
بەرگرى شارستانى رایگەیاندووە، رێنماییەکانمان بۆ سەلامەتى هاوڵاتیانە بۆیە داوا دەکەین بە گوێمان بکەن.
بەپێى یەکێک لە رێنماییەکان، خۆپاراستنە لە تیشکى خۆر، داواکراوە هاوڵاتیان لە کاتژمێر 10ـى بەیانى تا 4ـى ئێوارە خۆیان نەدەنە بەر تیشکى خۆر.
داواش دەکات لە شوێنە مەترسیدارەکان دووربکەونەوە و لەو شوێنەى قەدەغەکراوە مەلە نەکەن.
بۆ ئەو کەسانەى ئاژەڵ و باڵندەیان هەیە، بەرگرى شارستانى داواى کردووە کە ئاوى پێویست و سێبەریان بۆ دابین بکرێت و نەخرێنە بەر تیشکى خۆر.
چەند رێنماییەکى ترى بەرگرى شارستانى ئاکرێ:
رانەگرتنی ئۆتۆمبێل لەبەر تیشکی راستەوخۆی خۆر.
فڕێنەدانی پاشماوەی جگەرە.
دوورخستنەوەی ئەو کەرەستانەی لەناو ئۆتۆمبێلدا دەبنە هۆی ئاگرگرتن وەک (چەرخ، عەتر، سپرا، چاویلکە، پاوەر بانک و مۆبایل).
پڕکردنی تانکی بەنزین لە شەواندا و خۆبەدوورگرتن لە پڕکردنی تەواوی تانکییەکە.
دانەنانی بتڵی غاز و تانکیی سووتەمەنی لەبەر تیشکی خۆر.