هەمان ئەندامانی شاندی پێشوو دەبن
سبەی شاندی هەرێم دەچێتەوە بەغدا
964+
پێشەوا محەمەد – سلێمانی
بۆ درێژەدان بە گفتوگۆکانی کۆبوونەوەکانی سەردانی پێشوویان، بڕیارە سبەی شاندی حکومەتی هەرێم سەردانی بەغدا بکاتەوە.
رۆژی شەممەی رابردوو 11.2.2023 شاندێکی هەرێم سەردانی بەغدایان کرد و دوای سێ کۆبوونەوە گەڕانەوە هەرێم. شاندەکە لەسەر پرسەکانی بودجە و یاسای نەوت و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان گفتوگۆیان کردبوو.
ئەوکات جووتیار عادل، وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، کۆبوونەوەکان ئەرێنی بوون، لێکگەیشتنی باش هەبوون، بڕیاردرا کۆبونەوەکان بەردەوام بن.
لە کۆنگرەکەشدا رایگەیاند، یەکشەممەی داهاتوو شاندەکە دەچێتەوە بەغدا.
لە کۆبوونەوەکانی یەکەم سەردانیاندا، تەنیا پێشنیارەکانی هەرێمیان سەبارەت بەو پرسانە داوەتە بەغدا، ئەمە وتەی ئومێد سەباح، سەرۆکی دیوانی ئەنجومەنی وەزیرانە، کە دوای گەڕانەوەیان وای وت.
تۆڕی 964 لە سەرچاوەیەکی نزیکی شاندەکەوە دەزانێت، سبەی هەمان شاند دەگەڕێنەوە بەغدا و گفتوگۆ لەسەر وەڵامەکانی بەغدا دەکەن بۆ پێشنیارەکانیان.
شاندەکەی هەفتەی پێشوو پێکهاتبوو لە هەریەک لە “ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی، کەمال محەمەد وەزیری سامانە سروشتییەکان، فارس عیسا سەرۆکی نوێنەرایەتیی حکومەتی هەرێم لە بەغدا و ئومێد سەباح سەرۆکی دیوانی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم.
ئەوە دەبێتە دووەم سەردانی شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستانە بۆ بەغدا، دوای بڕیارەکەی دادگای باڵای فیدراڵ لە بارەی بە نایاسایی ناساندنی ناردنی شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان.