ویندۆز 11 بووە بەربڵاوترین سیستمی کارپێکەر
دوای چوار ساڵ لە بەردەستبوونی
ویندۆز 11 پێش ویندۆز 10 کەوت و بووە بەربڵاوترین سیستمی کارپێکەر
مستەفا نەهرۆ
دوای چوار ساڵ لە بەردەستبوونی لە بازاڕەکاندا، ویندۆز 11 لە کۆتاییدا بووە وەشانی زاڵی سیستمی کارپێکەریی ویندۆز، بەپێی ئامارەکانی Stat Counter، تا مانگی حەوتی ئەمساڵ، پشکی ویندۆز 11 گەیشتووەتە 50.88% و ویندۆز 10 بە پشکی 46.2% بۆ پلەی دووەم دابەزیوە.
ویندۆز 11 لە ساڵی 2021 بڵاوکرایەوە؛ بەڵام تا ساڵی 2022 تەنها کەمتر لە 10%ی بازاڕی لەبەردەستدا بوو، گەشەی ویندۆز 11 لەو کاتەوە وردە وردە زیادی کردووە (لە 18% لە ساڵی 2023 بۆ 28% و پاشان 36% لە ساڵی 2024)، ئێستا و لەگەڵ نزیکبوونەوەی کۆتاییهاتنی پشتگیریکردن لە ویندۆز 10 پرۆسەی گۆڕینی ئەم ویندۆزە لەلایەن بەکارهێنەران بۆ وەشانی نوێ خێراییەکی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیوە.
مایکرۆسۆفت بڕیارە لە 14ی مانگی 10ی 2025 پشتگیریکردن لە ویندۆز 10 رابگرێت.
سەرەڕای ئەم سەرکەوتنە، ویندۆز 11 لەلایەن بەکارهێنەرانەوە ڕووبەڕووی چەندین ڕەخنە بووەتەوە، بەتایبەت بەهۆی ناچارکردنی بەکارهێنەران بە بوونی هێڵی ئینتەرنێت و هەژماری مایکرۆسۆفت لە کاتی دامەزراندندا، هەروەها بوونی ژمارەیەک ڕیکلام و نەرمەکاڵای زیادە کە بە شێوەی ئۆتۆماتیکی دادەمەزرێن.