"مەرج نییە هەرکەس چووە زیندان تاوانبار بێت"
لە گەرمیان ژمارەیەک مامۆستای ئایینی قورئان بە زیندانیان دەڵێنەوە
964+
میلاد جەلال – گەرمیان
ژمارەیەک مامۆستای ئایینی سنوری گەرمیان چوونە بەشی گرتن و گواستنەوەی پۆلیسی گەرمیان و دەیانەوێ بۆیەکەمجار وتار و وانەی قورئان و فەرمودە بە زیندانییەکان بڵێنەوە.
مەلا ئیدریس ژاڵەیی سەرۆکی لقی گەرمیانی یەکێتی زانایانی ئاینی ئیسلامی کوردستان بە 964ـی وت، “لەگەڵ پۆلیسی گەرمیان پڕۆژەیەکمان راگەیاندووە و لە ھەفتەدا رۆژێکمان دیاری کردووە بۆ ئەوەی ھەرجارێک مامۆستایەکی ئایینی بچێتە زیندان و وتار بۆ زیندانییەکان پێشکەش بکات”.
“جگە لە وتاردان، ئامۆژگاری و قسەی بەسودیش دەکەن بۆ زیندانییەکان، لەگەڵ ئەوەشدا وانەی قورئان و فەرمودەیان پێدەڵێنەوە، زیندانیەکانیش ھەر پرسیارێکی ئاینیان ھەبێت وەڵامیان دەدەینەوە و گوێ لە قسەکانی ئەوانیش دەگرین”، مەلا ئیدریس ژاڵەیی وای وت.
مەلا تاریق ھەمەوەندی مامۆستایەکی ئاینییە و سەردانی زیندانەکەی کردووە، ئەو دەڵێت، “مەرج نییە هەر کەس چووە زیندان، تاوانبار بێت، ھەموو کەسێکیش شایەنی ھیدایەتە، چووین ئومێدیان پێ ببەخشین و خودا و پێغەمبەریان بیرخەینەوە”.
باسی لەوەشکرد، کەم کەس هەیە لە زیندان دەرچووبێ و تەوبەی نەکردبێ، بۆیە گیراوان لە ھەموو کەس شایستەترن پەیامی ئایینی و خودایان پێبگات.
پێداچوونەوە؛ شۆڕش قادری