دیمەنێک لە هێرش و ئاڵۆزییەکان
دەیان دۆنم رەز و باخ سووتاون
تورکیا لە یەک رۆژدا زیاتر لە 100 هێرشی کردووەتە سەر گوندەکانی ئامێدی
ژووری هەواڵ
تۆپخانەکانی سوپای تورکیا لە یەک رۆژدا زیاتر لە 100 جار هێرشیان بۆ سەر بەشێک لە گوندەکانی قەزای ئامێدی ئەنجامداوە و “بە دەیان دۆنم دارستان و ترش و رەز و باخی گوندنشینانیان سووتاند”.
کامەران عوسمان، بەرپرسی دیسکی مافی مرۆڤ لە رێکخراوی سی پی سی ئەمریکی رایگەیاند، رۆژی هەینی سوپای تورکیا بۆ رێگریکردن لە گەڕانەوەی جوتیاران بۆ سەر رەز و باخەکانیان، 100 جار تۆپبارانی بۆسەر گوندەکانی بەری گارە و دەڤەری نهێلێ ئەنجام دا.
تۆپخانەکانی تورکیا گوندەکانی مژێ، کەفنە مژێ، سپیندارێ و گرگاشێ-یان لە بەری گارە لە قەزای ئامێدی کردووەتە ئامانج.
“لە کاتێکدا نوێژخوێنانی گوندەکانی گوهەرزێ و بەلاڤە لە دەڤەری نهێلێ بۆ نوێژی هەینی لە مزگەوت بوون، تۆپخانەکانی تورکیا تۆپبارانی ئەو دوو گوندەی کرد و رەز و باخی گوندنشینانی سووتاند”، کامەران عوسمان وای وت.
فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی “ئاکەنجی” سوپای تورکیا بەسەر گوندەکانی سنوری ئامێدیدا سوڕاونەتەوە و بوونەتە مایەی ترس و دڵەڕاوکێ بۆ گوندنشینان.