لە سنە كێشەی نان و بەنزین هەیە
خوێندکارانی کورد لە رۆژهەڵاتی كوردستان و ئێران دەگەڕێنەوە
+964
کامیار کەمال- پێنجوێن
بەهۆی هێر و شەڕی نێوان ئیسرائیل و ئێران، خوێندکارانی کورد، ئەوانەی لە رۆژهەڵاتی كوردستان و ئێران دەخوێنن، لە مەرزی باشماخەوە گەڕانەوە هەرێمی کوردستان.
شەیدا موعتەسەم خوێندكاری پزیشکییە لە زانکۆی کوردستان لە پارێزگای سنە، بە 964ی وت، بەهۆی ناهەمواری بارودۆخەوە گەڕاونەتەوە و ئاشكرای كرد، لە سنە مارکێتەکان هیچیان تێدا نەماوە و بەنزینخانەکانیش بەرناکەون.
ئالان بورهان، كە ئەویش خوێندكاری پزیشكییە لە هەمەدان، لە سنووری باشماخ بە 964ی وت، لەوێ دۆخەکە تا رادەیەک باشتر بووە و تەنیا کەمێ قەیرانی بەنزین دروست بووە و بازاڕ و خواردن بەردەستە.
وتیشی، بارودۆخی جەنگ مەترسیدارە و پێی باش بووە بگەڕێتەوە لای كەسوكارەكەی لە كوردستان.
وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی لە كوردستان، خوێندكارانی كوردی لە ئێران سەرپشك كردووە لەوەی دەگەڕێنەوە، یان هەر لەوێ دەمێننەوە و بە غائیب بۆیان هەژمار ناكرێت.
پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا