دیمەنی هێزە ئەمنییەکان لە گەڕەکێکی کەرکوک - وێنە: 964
بیگرن 15ساڵ سجنی ئەکەن
هەر فەرمانبەرەکە مرد بەڕێوەبەری بانک بە ملیۆنان دینارەوە هەڵات
964+
کاروان ساڵحی – کەرکوک
هەر ئەوەندەی خوا کردنی، بەرپرسی ژمێریاری لقی کەرکوکی بانکێکی ئەهلی لەناو زانکۆی کیتاب و لە ناحیەی پردێ گیانی لەدەستدا، بەرێوەبەری بانکەکەی ئەو هەلەی قۆستووەتەوە و بڕی 235 ملیۆن دیناری بردووە بەرەو شوێنێکی نادیار هەڵاتووە مەگەر هەر خوا بزانێ لە کوێیە.
ئەو بڕە پارەیەی بردوویەتی، کرێی خوێندن و رەنجی دایک و باوک یان خوێندکارانی زانکۆکە بووە، کە لەبەرامبەر خوێندنیان لەو زانکۆیە ئەهلییە پارەیان لێ وەرگیراوە و لەو بانکە هەڵگیراوە.
بەڕێوەبەری بانکەکە، ناوی نەمیر خەلیل محەمەدە، ئەمڕۆ سێشەممە 3.6.2025، دوو سەرچاوەی تایبەت لە ناو زانکۆی کیتاب، بە مەرجی ناونەهێنان قسەیان بۆ 964 کردووە و دەڵێن، دوای گیان لە دەستدانی بەرپرسی بەشی ژمێریاری بانکەکە بەرێوەبەرەکەی ئەو بڕە پارەیی بردووە، کاتێک کەسێکی دیکە لە شوێنی بەرپرسی بەشەکە دادەمەزرێت بە کەتنەکە دەزانن.
ئەو بەرپرسە نوێیە، دوای پێداچوونەوە بە داهاتی بانکەکە بۆی دەرکەوتووە، هاتووەتە سەر ساجی عەلی و ئەو بڕە پارەیەی دیار نەماوە، بەر لەوەی ئاگاداری ئیدارەی گشتی و سەرۆکایەتی زانکۆکە بکرێتەوە، بەڕێوەبەرە فەنی بردوویەتی و هەڵاتووە.
ئەمڕۆ، دەستەی دەستپاکی فیدراڵی لە بەیاننامەیەکدا دەڵێ، دادگای دووی تاوانەکانی کەرکوک، بڕیارێکی غیابی راگەیاندووە، بە مادەی 315 تاوانەکان و ماوی 15ساڵ زیندانیکردن، بەسەر نەمیر خەلیل محەمەد داودی، بەڕێوەبەری لقی کەرکوک، بانکێکی ئەهلی سەپاندووە، کە تۆمەتەکە گەندەڵی و بردینی، بڕی 234 ملیۆن و 945 هەزار دینارە، کە پارەی کرێی خوێندن خوێندکارانی زانکۆکەکە بووە و بۆ مانگی کانوونی دووەم و شوباتی ساڵی 2022 وەرگیراوە.
جگە لەوەی پۆلیسی کەرکوک بەدوای دەگەڕێن و پۆلسی ئەو دەوروبەرەشیان تێگەیاندووە، بڕیارەکە ئاماژەی بەوەکردووە، دەرکردنی فەرمانی دەستگیرکردن لە دژی سزادراوەکە و قەدەغەکردنی گەشتکردن و پشتڕاستکردنەوەی دەستبەسەرداگرتنی سەروەت و سامانە جوڵا و و نەجووڵاوەکانیشی دەگرێتەوە.
پێداچوونەوە: ئەحمەد مستەفا