دیمەنی بەغدای پایتەختی عێراق _ وێنە: رۆیتەرز
لە 17 وە بوو بە لە سەدا 13
سودانی ئەڵێت کەرتی تایبەت بێ کاری دابەزاندین
ئەحمەد مستەفا
سودانی ئەمڕۆ کارگەیەکی لە باشووری بەغدا کردەوە و وتی، رێژەی بێکاری لە عێراقدا بۆ %13 کەمی کردووە، ئەوە وای پێناسە کرد کەرتی تایبەت هۆکارە بۆ کەمبوونەوەی بێ کاری.
جگە لەوەی، وتی، بەردەوام دەبن لە پاڵپشتیکردنی بەرهەمی ناوخۆیی تا هەلی کاری زیاتر بڕەخسێنێ.
ئەوە لە دۆخێکدا لە دوو ساڵی رابردوو رێژەی بێکاری بە %17 دانرا، ئەمڕۆ شەممە 31.5.2025، محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق لەکاتى کردنەوەی کارگەیەکی خۆراکی باسی لەوەشکرد،، کەرتی تایبەت کاریگەری هەیە لە چارەسەرکردنی کێشەکانی کۆمەڵگا، لەوانەش بەرەنگاربوونەوەی بێکاری.
جگە لەوەی سودانی وتی، حکومەت پابەندە بە پاڵپشتیکردنی ئەو کاڵایانە کە لە ناوخۆی عێراقدا بەرهەمدەهێنرێن، وتیشی، دوای فراوانبوونی کەرتی تایبەت، بەتایبەتی دوای پەسەندکردنی یاسای خانەنشینی و دەستەبەری کۆمەڵایەتی، کە ئیمتیازاتەکانى کرێکارانی کەرتی تایبەت و گشتی یەکسان کرد، رێژەی بێکاری بۆ ئەو ئاستە دابەزیوە.
پێشتر، عەبدولزەهرە هنداوی، وەزیری پلاندانانی عێراق وتی، رێکارەکانی وەزارەتی ناوخۆ و وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتیی عێراق بۆ رێگرتن لە هاتنی کرێکاری بیانی بۆ ناو عێراق کاریگەریی زۆری لەسەر کەمبوونەوەی رێژەی بێکاری هەبوو.