هێشتا تەرمەکانیان نەدۆزراوەتەوە
دوو گەنج لەناو رووباری دیجلەدا خنکان
سیروان خورشید – دوزخورماتوو
کەمێک پێش ئێستا دوو گەنجی دانیشتووی ناحیەی یەسربی سەر بەپارێزگای سەڵاحەدین، لەکاتی مەلەکردن و خۆفێنککردنەوەدا لە رووباری دیجلەدا خنکان و گەڕان بەدوای تەرمەکانیان دەستیپێکردووە.
عەميد مەحی خەلیفە، بەڕێوەبەری پۆلیسی ناحیەی یەسرب بە 964ـی وت، “گەنجەکان خەڵکی ناحیەی یەسربن و نیوەڕۆی ئەمڕۆ هەینی 30.5.2025 چوونەتە سەر رووباری دیجلە لەسنورەکەیان، بەمەبەستی مەلەکردن و خۆفێنککردنەوە، بەڵام نەیانزانیوە رووبارەکە شوێنی قۆڵایی تێدایە و پاش ماوەیەک لەمەلەکردن، ژێرئاو کەوتوون و خنکاون”.
ئاماژەی بەوەشکرد، دوای ئەو رووداوە ژمارەیەک گەنجی دیکە کە بەهەمان شێوە بۆ مەلەکردن چوونەتە سەر رووبارەکە، جلوبەرگی ئەو دوو گەنجەیان بینیوە و خێرا پۆلیسیان ئاگادار کردووەتەوە، ئەوانیش لێکۆڵینەوە و بەدواداچونیان دەستپێکردووە.
وتیشی، “پەیوەندیمان بەتیمەکانی غەواسەوە کردووە و لەئێستادا بەرێگاوەن بۆ سەر رووبارەکە و دۆزینەوەی تەرمەکان”.
بەقسەی عەميد مەحی خەلیفە، گەنجەکان تەمەنیان لە نێوان 25 بۆ 30 ساڵدایە و خەڵکی ناحیەی یەسربن.
باسی لەوەشکرد، لەناحیەکەدا هیچ تیمێکی مەلەوانی و غەواسی لێ نیە بۆیە داوایان لە ناوەندی پارێزگای سەڵاحەدین کردووە تیمێکیان بۆ رەوانە بکەن.
پێداچوونەوە؛ شۆڕش قادری