تەقاندنەوە و لەناوبردن

لەناوبردنی هەزاران پاشماوەی تەقەمەنی لە هەولێر و هەڵمەتی هۆشیاری لە سلێمانی

964+

محەمەد فاتیح

هەرچەندە هەرێمی كوردستان ماوەیەكی زۆرە جەنگ و شەڕ و كوشتار یەخەی بەرداوە، بەڵام پاشماوەی جەنگی دووژمنانی لەسەر خاكەكەی تائێستاش زیان بە هاونیشتیمانیان دەگەیەنن و لە چالاكیەكی نوێدا بە هەزاران پاشماوەی تەقەمەنی جەنگی لە سنووری پارێزگای هەولێر لەناوبران و سنووری پارێزگای سلێمانیش مال بە ماڵ گەڕاون بۆ هۆشیاركردنەوەی خەڵك لە مەترسییەكانی پاشماوەی جەنگی.

بەڕێوەبەرایەتی گشتی کاروباری مینی هەولێر بڵاویكردەوە لەلایەن تیمی لەناوبردن لە چاڵی لەناوبردن لەسەر چیای (بەردەبوک) سنوری ناحیەی (گەڵالەی قەزای چۆمان) بە شێوازێکی کۆنترۆلکراو و سەلامەت 3940  پاشماوەی تەقەمەنی جەنگی لەناوبران.

هەر لە چوارچێوەی کار و چالاکییەکانيان تیمەكانی بەڕێوەبەرایەتی گشتی کاروباری مینی سلێمانی، بەمەبەستی خۆپاراستن لە مەترسییەکانی مین و تەقەمەنی و پاشماوەی جەنگیی، لە ڕێگەی گەڕانی ماڵ بە ماڵەوە، هەستان بە پێشکەشکردنی بەرنامەی هۆشیاریی بۆ دانیشتوانی هەریەک لە گوندەکانی کانی چنار و قازان لە شارەدێی پیرەمەگرونی سەر بە شارۆچکەی دووکان.

هاوڵاتی هێژا!

-هەندێ لە ناوچە مینڕێژکراوەکان نیشانە نەکراون، بۆیە ناسینەوەیان زەحمەتە، بەڵام بەهۆی پرسیارکردن لە کەسانی شارەزای ناوچەکە و بینینی چەند نیشانەیەک(وەک: گوندی چۆڵکراو، دارستانی چڕ، ئێسکوپروسک، سەنگەر و کۆنەڕەبییە، کەڵەکەبەرد، چەک و تەقەمەنی بەجێماو) دەتوانیت ناوچەی مینڕێژکراو بناسیتەوە.

-لەکاتی مەترسی و لە حاڵەتی پەیوەندیدار بە مین و تەقەمەنیشدا:  پەیوەندی بە ژمارە (182) بکە.

-ژمارە (182) هێڵی گەرمی تایبەت بە دەزگای گشتی کاروباری مینی حکومەتی هەرێمی کوردستانە و دەتوانن بێبەرانبەر پەیوەندی پێوەبکەن و ئاگادارمان بکەنەوە لە هەبوونی مین و تەقەمەنی و پاشماوەی جەنگی.