72 کاتژمێر لە نەخۆشخانە مایەوە

ئەو ئەسپسوارەی لە داقوق لە ئەسپەکەی كەوت گیانی لەدەست دا


سیروان خورشید – دوزخورماتوو

هاوڵاتییەکی دانیشتووی قەزای داقوق، دوای ئەوەی لە کاتی ئەسپسواریدا لە ئەسپەکەی كەوت، تووشی خوێنبەربوونی مێشک بوو، درەنگانی شەوی رابردوو گیانی سپارد، ئەمەش دوای ئەوەی 72 کاتژمێر لە نەخۆشخانە مایەوە.

فەرمان نەشئەت، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی داقوق بە 964ـی وت، “هاوڵاتییەکە وەک هەمو رۆژێک بە ئەسپەکەی دەرچووە بۆ پیاسە کردن، سێ رۆژ لەمەوپێش لە ماڵ دەرچووە و لە رێگا ئەسپەکەی رێڕەوی رۆیشتنی گۆڕیوە و بە خێرایەکی زۆریش سەری شۆڕکردوەتەوە و خاوەنەکەی بەرداوەتەوە، بەهۆیەوە خاوەنەكەی سەری بەر کۆنکرێتێکی ئەو رێگایە کەوتووە و بە سەختی بریندار بووە، دوای گەیاندنی بە نەخۆشخانەی داقوق و دوای پشکنینی دەرکەوتووە تووشی خوێنبەربوونی مێشک بووە و دەستبەجێ رەوانەی نەخۆشخانەی ئازادی کەرکوک کراوە.

وتیشی، پاش سێ رۆژ مانەوەی لە نەخۆشخانە و ئەنجامدانی نەشتەرگەرییەکی مێشک بۆی، بەڵام درەنگانێکی شەوی رابردوو بەهۆی سەختی برینەكەیەوە گیانی لەدەست دا”.

هاوڵاتییەکە ناوی سەرهێد سادقە و تەمەنی 53 ساڵە، کارمەندی پۆلیس بوو لە قەزای داقوق.

پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا