بەرگریی شارستانی شەوێكی سەختیان بەڕێكرد
زیاتر لە شەش ئاگر بەیەكەوە لە هەولێر كەوتنەوە
964+
ئەرسەلان عەبدوڵا
بەرگریی شارستانیی هەولێر دەڵێن، شەوی رابردوو بۆ ئەوان سەخت بوو، بە تایبەتی لە نیو كاتژمێری دیاریكراودا، كە زیاتر لە شەش ئاگر بەیەكەوە كەوتنەوە.
موقەدەم شاخەوان سەعید وتەبێژی بەرگریی شارستانیی هەولێر لە گرووپی واتساپی تایبەت بە میدیاكاران ئەمڕۆ شەممە 24.5.2025 دەڵێت، شەوی رابردوو بۆ تیمەكانی بەرگریی شارستانی سەخت بوو، بە تایبەتی لە كاتژمێر 9:38 خولەك بەدواوە، كە ئەركی قورسیان هەبووە، چونكە لە یەک کاتدا زیاتر لە شەش ئاگر لە سنوورە جیاجیاکان هەبوو.
ئەو ئاماژەی بەوەداوە، ئاگر لە ناحیەی شەمامک لە گوندەکانی (سۆربەش، سیراوە، تەندورە، گردعازەبان)و لە سنووری قەزای قوشتەپە گوندەكانی (عەلیاوە، غاباتی قوشتەپە، مورتکەی شەهاب) و لەوێوە بۆ سنووری شاوێس و عەنکاوە و لە ناو سەنتەری پارێزگاش لە سنووری گەڕەکی ئازادی كەوتەوە، بۆ هەموو ئەو ئاگرانە 19 تیمی ئێشکگر لە ماوەیەکی کەم دەستیان بە جوڵە کرد و سەرجەم کارمەندان بەوپەڕی گیانفیدایی توانیان کۆنتڕۆڵیان بکەن و رێگری بکەن لەوەی زیانی گیانی هەبێت.
ئەمە لە كاتێكدا دەنگۆی مردنی پاسەوانێك هەیە، بەڵام هێشتا 964 نەیتوانیوە پشتڕاستی بكاتەوە، هاوكات بەهۆی ئەو ئاگرانەوە بە سەدان دۆنم لە زەوی و بەرهەمی كشتوكاڵی سووتان و زیانێكی زۆری بە جوتیاران گەیاند.