به‌ڕێوه‌به‌رى گشتى ڤێتێرنه‌رى هه‌ولێر بۆ 964:
“بڵاوبوونه‌وه‌ى تاى خوێنبه‌ربوونی ئاژەڵ هیچ په‌یوه‌ندی به جه‌ژنى قوربانه‌وه نییه”
964+
فه‌رهاد حه‌سه‌ن
ڤێتێرنه‌رى هه‌ولێر ئه‌و گومان و دوودڵییه‌ى هاوڵاتیان لاده‌بات كه ده‌ڵێن، ساڵانه له‌گه‌ڵ نزیكبوونه‌وه‌ى جه‌ژنى قوربان، نه‌خۆشی تاى خوێنبه‌ربوون له‌ناو ئاژه‌ڵه‌كاندا بڵاوده‌بێته‌وه، ڤێتێرنه‌رى ده‌ڵێت “ئه‌مه ئه‌سڵ و ئه‌ساسی نییه”.
ساڵانه، هاوڵاتیانى موسڵمان له جه‌ژنى قورباندا وه‌كو نه‌ریتێكی ئایینى له زۆربه‌ى ناوچه‌كانى هه‌رێمی كوردستان ئاژه‌ڵ ده‌كڕن و ده‌یكه‌نه قوربان، بڵاوبوونه‌وه‌ى نه‌خۆشیه‌كه‌ش له‌گه‌ڵ نزیكبوونه‌وه له‌م جه‌ژنه گومانهكهى لا دروستكردوون.
964 بۆ دڵنیابوونه‌وه‌ى هاوڵاتیان له‌و گومانه‌ى كه هه‌یانه، په‌یوه‌ندی كرد به د.مامه‌ند محه‌مه‌د قادر، به‌ڕێوه‌به‌رى گشتى ڤێتێرنه‌رى هه‌ولێر و ره‌تیكرده‌وه كه كاتى بڵاوبوونه‌وه‌ى نه‌خۆشی تاى خوێنبه‌ربوون په‌یوه‌ندی به قوربانيكردنى ئاژه‌ڵ له جه‌ژنى قورباندا هه‌بێت.
وتیشی “پێش هاتنى جه‌ژنى قوربان وه‌رزه‌كه به‌ره‌و گه‌رمى زیاتر ده‌ڕوات ئه‌و مێرووله و گهنهیهى كه بۆ ئاژه‌ڵه‌كه ده‌گوازرێته‌وه و توشی تاى خوێنبه‌ربوونى ده‌كات روو له زیاد بوون ده‌كات”.
به‌قسه‌ى د.مامه‌ند، ئه‌مه بابه‌تێكی زانستییه و هیچ په‌یوه‌ندی به نزیكبوونه‌وه له جه‌ژن نییه، ده‌شڵێت “خۆ ئه‌گه‌ر جه‌ژنى قوربان له‌ناو وه‌رزى زستاندا بێت ئه‌مه روونادات”.
ڤێتێرنه‌ری هه‌ولێر پلانی تایبه‌تى بۆ سه‌ربڕخانه‌كان بۆ جه‌ژنى قوربان هه‌یه ئه‌ویش له‌رێگه‌ى چه‌ند تیمێكی تایبه‌تییه‌وه پشكنینى ته‌واو بۆ ئه‌و ئاژه‌ڵانه ده‌كه‌ن كه به‌مه‌به‌ستى سه‌ربڕین ده‌برێنه سه‌ربڕخانه‌كان و رێگه به هیچ ئاژه‌ڵێك نادرێت نیشانه‌كانى ئه‌م نه‌خۆشییه‌ى هه‌بێت له‌وانه‌ش بوونى گه‌نه و مێرووله‌ى مشه‌خۆر له‌سه‌ریان و بچووكترن گومان هه‌بێت رێگرى له سه‌ربڕینى ده‌كه‌ن.
باس له‌وه‌شده‌كات، ئه‌وان رێگه‌یه‌كی دیكه‌ش بۆ پشكنینى ئه‌و ئاژه‌ڵه كوژراوانه ده‌گرنه‌به‌ر و پشكنینى بۆ ده‌كه‌ن، ئه‌ویش له‌رێگه‌ى دانانى گۆشتى ئاژه‌ڵه‌كان له‌ناو ساردكهرەوه بۆ ماوه‌ى 12 كاتژمێر و هه‌ر جۆره ترشیاتێك له گۆشته‌كه ده‌ربكه‌وێت رێگه‌ى بڵاوبوونه‌وه و به‌كارهێنانى پێناده‌ن و له‌ناوى ده‌به‌ن.
به‌ڕێوه‌به‌رى گشتى ڤێتێرنه‌رى هه‌ولێر ئه‌وه‌ش روونده‌كاته‌وه كه له رێگه‌ى تیمه‌كانى هۆشیارییه‌وه رێنمایی تایبه‌تیان به ته‌واوى گۆشتفرۆشه‌كانى شار داوه كه له‌كاتى كاركردن ده‌ستكێش به‌كار بهێنن و ده‌شڵێت “نابێت هیچ گۆشتفرۆشێك به ده‌ستى به برینه‌وه مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ گۆشتى ئاژه‌ڵدا بكات”.