ئەمڕۆ 35 جار بۆردومانى کردووە
هێرشەکانى تورکیا بۆسەر ناوچە سنوورییەکانى هەرێم بەردەوامە
964+
وریا فەتاح
سەرەڕاى هەوڵەکان بۆ ئاشتى و هەنگاوەکانى پەکەکە بۆ چەکدانان، بەڵام تورکیا لە هێرشەکانى بەردەوامە و تەنیا ئەمڕۆ 35 جار گوندەکانى دەورووبەرى چیاى گارەى بۆردومان کردووە.
لەو رۆژەوەى پەکەکە بڕیاریداوە چەک دابنێت، تورکیا 92 بۆردومانى ئەنجامداوە.
کامەران عوسمان، رێکخەرى تیمى کوردستانى رێکخراوى CPTـى ئەمریکى بە 964ـى وت،” لە کاتژمێر 9:10 خولەکى بەیانى ئەمڕۆوە تا 3ـى پاشنیوەڕۆ، تۆپخانەکانی سوپای تورکیا 35 جار تۆپبارانی چیای گارا و ناو گوندەکانی (مژێ، کەفنە مژێ، سپیندارێ و گرگاشێ)یان لە بەری گارێ لە سنووری قەزای ئامێدی لە پارێزگای دهۆک کردووە”.
وەک باسى دەکات، تۆپبارانەکان بۆ ناو رەزوباخی هاووڵاتیان و خانووی چۆڵکراوی گوندنشینان بووە.
” بەهۆی تۆپبارانەوە زیان بەر کێڵگەی کشتوکاڵی، خانوو و رەزی جوتیارانی ئەو گوندانە کەوتووە”، کامەران عوسمان واى وت.
ئاشکراشى کرد، لە 12ـى مانگى ئایارەوە کە پەکەکە بڕیارى چەکدانانى داوە، تورکیا 92 بۆردومانى بۆسەر ناوچە سنوورییەکانى هەرێمى کوردستان ئەنجامداوە.