کەسێکیش بە سەختی بریندارە
لە خورماتوو پیکابێک وەرگەڕا و شۆفێرەکەی گیانی لەدەست دا
964+
سیروان خورشید – دوزخورماتوو
کەمێک پێش ئێستا لە نزیک ناحیەی یەسرب لە رۆژئاوای قەزای خورماتوو پیکابێک وەرگەڕا و بەهۆیەوە شۆفێرەکەی گیانی لەدەست دا و کەسێکیش بەسەختی برینداربوو.
عەمید موئەیەد عەباس بەڕێوەبەری هاتوچۆی گشتی خورماتوو بە 964ـی وت، “رووداوەکە بەهۆی تیژڕۆیی شۆفێری نیسان پیکابەکەوە بووە، چونکە ئەو شوێنەی رووداوەکەی لێی روویداوه، جادەیەکی پانە و تاڕادەیەک چۆڵیشە، بەڵام خێرای شۆفێرەکە وایکردووە کە کۆنتڕۆڵ لەدەست بدات و ببێتە هۆی وەرگەڕانی ئۆتۆمبێلەکەی”.
ئاماژەی بەوەش کرد، ئۆتۆمبێلەکە جگە لە شۆفێرەکەی، کەسێکی دیکەشی تێدابووە، شۆفێری پیکاب نیسانەکە دەستبەجێ گیانی لەدەستداوە و ئەو کەسەی تریش بە سەختی برینداربووە، تەرمی شۆفێرەکە و بریندارەکەش رەوانەی نەخۆشخانە کراون.
موئەیەد عەباس وتیشی، ئێستا بەڕێوەبەرایەتییەکانی سەرجەم قەزا و ناحیەکانی پارێزگای سەڵاحەدین بە هاوکاری بەشی تەندروستی شارەکان هەماهەنگیان هەیە، بۆ ئەوەی بە شێوەیەکی فراوان جگە لە مەفرەزەکانی هاتوچۆ، ئەمبوڵانسی زیاتر لەسەر رێگاکان دابنرێت، تا بتوانن ببنەهۆی کەمکردنەوەی رووداوەکانی هاتوچۆ و داوایشی لە شۆفێران کرد، پابەندی رێنماییەکانی هاتوچۆ بن، بۆ ئەوەی دووربن لە رووداوی هاوشێوە.
پێداچوونەوە؛ شۆڕش قادری