دوای ئەوەی بوتڵێکی خوێنی بە هەڵە داوە بە نەخۆشێک

دوای 10 رۆژ لە لێکۆڵینەوە گرێبەستی کارمەندێکی تەندروستی زاخۆ هەڵوەشێنرایەوە

964+

شڤان عەبدوڵا – زاخۆ

10 روژە ژنێکی تەمەن 38 ساڵ دوای وەرگرتنی بوتڵێک خوێن بەهەڵە کە لە گروپی خوێنی خۆی نەبوو، لەژێرچاودێری چڕ دایە و تا ئێستاش بە ئاگا نەهاتووەتەوە.

رووداوەکە بەم شێوەیە بوو، لە بەرواری 2.5.2025 ژنێکی تەمەن 38 ساڵ بۆ نشتەرگەری منداڵبوون دەچێتە نەخوشخانەی ژنان و منداڵبوونی زاخۆ، لەکاتی نشتەرگەری دا پزیشکان بەکەسوکاری ژنەکە دەڵێن، پێویستی بە دوو بوتڵی خوێنە و بۆی بهێنن، گروپی خوێنی ژنەکە +B، کارمەندێکی بانکی خوێنی زاخۆ بوتڵێک خوێنی +B و دانەیەکی دیکەی +A یان بە هەڵە پێدەدا، بەو هۆیەوە 10 رۆژە ژنەکە لەهۆش خۆی چووە و لەژێر چاودێری چڕ دایە.

ئەمیر عەلی، وتەبێژی تەندروستی زاخۆ بە 964ـی وت، “ئەنجامی لێکۆڵینەوەکانی لیژنەکە دەریانخستووە، کە کارمەندێکی تاقیگەکە بەهەڵە بوتڵێکی گروپی خوێنی +Bـی بەکەسوکاری ژنەکە داوە، پزیشکانیش بێ دڵنیابوونەوە لە گروپی خوێنەکە گواستوویانەتەوە بۆ نەخۆشەکە، دوای نیو کاتژمێر باری تەندروستی ژنەکە تێک چووە و تا ئەمرۆش کە 10 روژ تێپەڕیوە بەسەر نشتەرگەریەکە، ژنەکە بێ ئاگایە و لەژێر چاودێری چڕ دایە.”

وتیشی، گرێبەستی کارمەندەکە هەڵوەشێنراوەتەو و سێ مانگ لەژێر راهێناندا دەبێت، دوای ئەوەش تێستی پێ دەکرێت، ئینجا بڕیار لەگەڕانەوەی دەدرێت، لەهەمان کاتدا دوو کارمەندی دیکەش کەبەرپرسی تاقیگەن سزادراون و هۆشداریش بەپزیشکانی نشتەرگەریەکە دراوە.

ئەو ژنەی نشتەرگەریەکەی بۆ کراوە دانیشتووی قەزای زاخۆیە و خاوەنی شەش منداڵە، بۆ منداڵی حەوتەم پێویستی بەنشتەرگەری بووە و نشتەرگەریەکەشی بەو شێوەیە ئەنجامدرا.

پێداچوونەوە: ژێوار خدر

تەندروستى زاخۆ لەبارەى هەڵەى پزیشکەکەیان روونکردنەوە ...

تەندروستى زاخۆ لەبارەى هەڵەى پزیشکەکەیان روونکردنەوە دەدات