"كەسوكاری شەهیدانی كیمیابارانی گۆپتەپە لە حكومەتی هەرێم ناڕازین"

“زۆڵە كورد وەزعیان لە ئێمە باشترە”

964+

عەزیز عەبدوڵا – گۆپتەپە

كەسوكاری شەهیدانی كیمیابارانی گوندی گۆپتەپە دوای 37 ساڵ لە لەدەستدانی كەسوكاریان، بێ هیوان لە بەڵێنەكانی حكومەتی هەرێم و گلەیی دەكەن لەوەی هیچیان بۆ نەكراوە، پیاوێكی كەسوكاری شەهیدانی ئەو گوندەش دەڵێت، حەق وایە لەو رۆژەدا هەمووان رەشپۆش بن، نەك یادكردنەوە بە جلی رەنگاوڕەنگ بێت.

ئەمڕۆ  3.5.2025 یادی 37مین ساڵیادی کیمیابارانکردنی گوندی گۆپتەپەیە لە ناحیەی ئاغجەلەر، کە لە ساڵی 1988 دوو فڕۆکە لە قۆناغی چواری ئەنفال شەش بۆمبیان بەسەر گوندەکەدا باراند، تێیدا نزیكەی 500 كەس بەهۆی گازی كیمیاییەوە گیانیان لەدەست دا، دواتر بەشێكی دیكەی هاوڵاتیانی گوندەكە بەر شاڵاوی ئەنفال كەوتن و لە بیابانەكانی باشووری عێراق زیندەبەچاڵ كران.

هاوڕاز رەفیق کەسوکاری ئەنفالە و بە 964ی وت، “کاتێک کیمیایی لە گۆپتەپە درا، من لە چەمەكە بووم، کاتێک هاتینەوە ناو گوندەکە، بینیم مدناڵ و پیر و گەنج لەسەر زەوی کەوتوون، ئەو دیمەنامەم هەرگیز بیر ناچێتەوە”.

هاوڵاتییەكی دیكەی كەسوكاری ئەنفال و كیمیابارانی گۆپتەپە، دەڵێت، پێویستە هەموو ساڵێك یادی ئەو رۆژە بكرێتەوە، بەڵام دەبێت رەشپۆش بین، نەك بە جلی رەنگاوڕەنگەوە بین.

وتیشی، پێویستە نەوەی ئێستا فێر بكرێن چی روویداوە و ئەوان نازانن كیمیاباران و ئەنفال چییە.

ژنێكی دیكە، كە بەسەر گۆڕی ئازیزێكییەوە بۆ 964 قسەی كرد، گلەیی لە حكومەتی هەرێم و دەسەڵاتدارانی سنوورەكەی هەبوو، كە هیچیان بۆ نەكردوون و بەڵكو دەڵێت، “زۆڵە كورد، ئەوانەی كەسوكاری ئەوانیان ئەنفال كرد، ئێستا وەزعیان لەوان باشترە”.

گوندی گۆپتەپە لە سنووری ناحیەی ئاغجەلەر، ئێستا زیاتر لە 300 ماڵی تێدایە، ماڵ نییە ئازیزێكی ئەنفال یان شەهید نەبێت، دانیشتووانەکەی بەشێکی زۆریان سەرقاڵی کاری کشتوکاڵی و بەخێوکردنی پڕۆژەی حەوزی ماسین.

پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا