ئامێدى
درۆنێک بە خاڵێکى نوێى پێشمەرگەدا تەقییەوە؛ دوو پێشمەرگە بریندارن
964+
هێڤى دێوالى- دهۆک
بەهۆى تەقینەوەى درۆنێکى خۆکوژ، دوو پێشمەرگە لە سنوورى ئامێدى بریندار بوون.
رووداوەکە لە هەمان ئەو شوێنە بوو کە ئێوارەى دوێنێ درۆنێک لێى کەوتە خوارەوە و سێ پێشمەرگەى بریندار کرد
سەرچاوەیەکى ئەمنى لە ئامێدى بە 964ـى وت،”کەمێک لەمەوبەر، لە هەمان شوێنى دوێنێ لە گوندى بلاڤە، درۆنێک لەسەر خاڵێکى نوێى پێشمەرگە تەقیوەتەوە و بەهۆیەوە دوو پێشمەرگە بریندار بوون”.
مەسعود بۆتى، جێگرى بەڕێوەبەرى تەندروستى ئامێدى برینداربوونى دوو پێشمەرگەى بۆ 964 پشتڕاستکردەوە و وتى،”برینەکانیان قورس نییە، بەڵام رەوانەى فریاکەوتنى ئازادى دهۆک کراون”.
فائیق بلاڤەیى کە دانیشتوویەکى گوندەکەیە قسەى بۆ 964 کرد و وتى،”دوو رۆژە بە بەردەوامى لە سنوورى گوندەکەمان دەسوڕێتەوە، ئەمڕۆش درۆنێک لە گردى داڤا بە خاڵێکى پێشمەرگەدا تەقیەوە و دوو پێشمەرگەى بریندار کردووە”.
وەک باسى دەکات، درۆنەکان ترس و دڵەڕاوکێى بۆ دانیشتوانى گوندەکە دروستکردووە.
دوێنێ دووشەممە، لە کاتى کردنەوەى خاڵێکى نوێى پێشمەرگە لە سنوورى ئامێدى، درۆنێک بە پێشمەرگەدا تەقییەوە و بەهۆیەوە سێ پێشمەرگە بریندار بوون.
پێداچوونەوە: وریا فەتاح