لەسەر رێگای دەربەندیخان – سلێمانی
تانکەرێک ئاستەنگی هاتوچۆی دروستکرد؛ رێگاکە کراوەیە
964+
شۆڕش قادری
لەسەر رێگای دەربەندیخان – سلێمانی تانکەرێکی ئێرانی مقەستی کرد و ئاستەنگی هاتوچۆی دروستکرد، تیمەکانی هاتوچۆ و ئاگرکوژێنەوە زوو گەیشتنە شوێنەکە و رێگاکەیان کردەوە ئێستا هاتوچۆ ئاساییە.
سلێمان محەمەد قایمقامی دربەندیخان بە 964ـی وت، ”کەمێک لەمەوبەر لەسەر رێگای دەربەندیخان – سلێمانی و لە هەورازەکەی بیرکێ، تانکەرێکی ئێرانی مقەستی کردووە و جەنجاڵی دروستکردووە، بەڵام هەر زوو تیمەکانی هاتوچۆ و ئاگرکوژێنەوەی دەربەندیخان گەیشتوونەتە شوێنەکە و رێگاکەیان کردووەتەوە و لە ئێستاشدا هاتوچۆ ئاساییە”.
وتیشی، هەفتەی پێشوو رۆنێکی زۆر لەو شوێنە رژابوو و دواتر تیمەکانی شارەوانی و هاتوچۆی دەربەندیخان خۆڵیان رشتبووە سەر جادە، ئەمڕۆش تیمەکانی بەرگری شارستانی چوون بۆ پاککردنەوە و شۆردنەوەی رێگاکە.
ئەو رێگایە و بەدیاریکراوی هەورازەکەی نزیک گوندی بیرکێ بووەتە مۆتەکەی تانکەر و بارهەڵگرەکەکان و هەموو هەفتەیەک چەند جارێک تانکەر لەو رێگایە ئەژنۆی دەشکێ و دەمێنێتەوە، یان رۆن و سووتەمەنی دەڕێژن و ئاستەنگی هاتوچۆ دروست دەکەن.