بەوەكالەت

قایمقامی نوێی شارباژێڕ ئەمڕۆ دەستبەکار بوو

ئەحمەد محەمەد – سلێمانی

ئەمڕۆ یەكشەممە، 20.4.2025 حاكم فەرهاد ساڵح وەكو قایمقامی شارباژێڕ دەستبەكاربووە و بەوەكالەت پۆستەكەی وەرگرتووە.

حاكم فەرهاد، پێشووتر بەڕێوەبەری هەریەك لە ناحیەكانی ماوەت پێش بەقەزابوونی، ناحیەی ناڵپارێز، ناحیەی سیوەیل و ناحیەی سیتەك بووە، ئەزموونی نزیکەی 25 ساڵی لە بواری بەڕێوەبردندا هەیە.

لەبارەی دەستبەكاربوونییەوە، حاكم فەرهاد ساڵح بە 964ـی وت، “رۆژی پێنجشەممەی رابردوو پەیوەندیم كردووە بە قایمقامیەتی شارباژێڕەوە، ئەمڕۆ یەكشەممە یەكەم رۆژی كاركردنم بووە وەكو قایمقامی نوێی شارباژێڕ دەستبەكاربووم”.

وتیشی، پۆستەكەم بە وەكالەت وەرگرتووە و لە هەمان کاتدا پۆستی بەڕێوبەری ناحیەی سیتەکیش لەگەڵ ئەم پۆستە نێویەدا دەبەم بەڕێوە تا كاتی دەستبەكاربوونی كابینەی داهاتووی حكومەتی هەرێم لەئەركەكەم بەردەوام دەبم و هەموو وەكالەتەكانیش بەو جۆرە دەبێت.

ئەو قایمقامە نوێیە ئەوەشی خستەڕوو، عوسمان ئەنوەر قایمقامی پێشووی شارباژێڕ بە فەرمانێكی پارزێگار گەڕاوەتەوە ناو پارێزگای سلێمانی.

قەزای شارباژێڕ، لە ناوەندی قەزای چوارتا و هەرچوار ناحیەی زەلان، سیوەیل، سیتەك و گاپیڵۆن پێكهاتووە و كە ئەوانیش نزیكەی 100 گوند لەخۆدەگرن.

پێداچوونەوە: توانا نەقی