لە عومان

ئەمڕۆ ئەمریكا و ئێران دانوستان دەكەن و بەغداش دڵخۆشە

964+

ئەرسەلان عەبدوڵا

وەزارەتی دەرەوەی ئێران رایگەیاند، شاندێکی ئێران بە سەرۆکایەتی عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران بەرەو مەسقەتی پایتەختی عومان بەڕێكەوت بۆ ئەنجامدانی دانوستان لەگەڵ ئەمریكا.

ئیسماعیل باقایی، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران وتی: ئەمڕۆ شەممە 12.4.2025 شاندی ئێران بە سەرۆکایەتی عێراقچی بەرەو مەسقەت بەڕێکەوتووە بۆ دەستپێکردنی دانوستان لەگەڵ ئەمریکا.

باقایی لە هەژماری خۆیدا لە تۆڕی ئێكس نووسیویەتی: شاندێک کە پێکهاتووە لە کۆمەڵێک لە هاوکارە هەرە دیارەکانمان، بە یاوەری وەزیری دەرەوە بەرەو شاری مەسقەتی پایتەختی عومان بەڕێكەوتن، ئێمە بڕیارمانداوە لە هەموو ئامرازەکان بۆ پاراستنی سەروەری و بەرژەوەندییە نەتەوەییەکانی ئێران کەڵک وەربگرین.

بەپێی زانیارییەكانی تۆڕی هەواڵی سی ئێن ئێنی ئەمریكی، دانوستانەكان بۆ گەیشتنە بە رێككەوتنی چەكی ئەتۆمی، بۆ ئەوەی ئەو گرژییەی لە ناوچەكەدا هەیە، خاو بكرێتەوە.

هاوكات سەرۆكی ئەمریكا پێش ئەو دانوستانە رایگەیاندووە، نابێت ئەمریكا چەكی ئەتۆمی هەبێت.

سەرۆكی ئەمریكا مۆڵەتی دوو مانگی بە ئێران داوە بۆ ئەوەی رێككەوتن بكات لە بارەی كەمكردنەوە بەرنامە ئەتۆمییەكەی و دواتریش كۆتایی هێنان بە تەواوی بەرنامەكە.

لای خۆیەوە وەزارەتی دەرەوەی عێراق راگەیاندراوێكی بڵاوكردەوە و خۆشحاڵیی خۆیان بە دەستپێكردنی دانوستانەكانی نێوان ئەمریكا و ئێران دەربڕیوە.

وەزارەتەكە دەڵێت، فوئاد حوسێن وەزیری دەرەوەی عێراق، دوێنی لە كۆڕبەندی ئەنتالیا لەگەڵ بریكاری وەزارەتی دەرەوەی ئێران یەكتریان بینیوە و پەیامی خۆشحاڵیی عێراقی پێگەیاندووە سەبارەت بە بەڕێوەچوونی دانوستانەكانی ئەمریكا و ئێران.

ئەمریكا هەڕەشەی هێرشی سەربازی دەكات بۆ سەر ئێران

ئەمریكا هەڕەشەی هێرشی سەربازی دەكات بۆ سەر ئێران