ژمارەیەک لە کوردانی ئێزدی- وێنە: بۆ 964 نێردراوە
رەزامەندی سودانی وەرگیراوە
ژنانی کوردی ئێزدی با بخوێنن؛ دوو ئاسانکاریان بۆ کرا
964+
ئەحمەد مستەفا
رەزامەنديی سەرۆک وەزیرانی عێراق وەرگیرا و لێخۆشبوون بۆ ژنانی کوردی ئێزدیی دەرکرا، لە مەرجەكانی تەمەن و 10 نمرە بۆ وەرگرتن لە زانكۆكانی عێراق.
وەزیری کۆچ و کۆچبەران ئیڤان فایەق، سەرەڕای راگەیاندنی ئەو لێخۆشبوونە لە راگەیەندراوێکدا وتی، بۆ باشتركردنی بارودۆخی ئەو ژنانەی لە ئاوارەبوونی زۆرەملێ دەگەڕێنەوە، لەسەر بنەمای یەكسانی و دەستەبەركردنی سەربەخۆیی خۆیان لەناو خێزان و كۆمەڵگەدا بڕیارەکە دراوە.
بۆ ئەو کارەش، رەزامەنديی محەمەد شیاع سودانی، سەرۆك وەزیران و سەرۆكی ئەنجومەنی باڵای كاروباری ژنانی وەرگیراوە، بۆ جێبەجێكردنی كۆمەڵێك پێشنیاز بە ئامانجی كەمكردنەوەی ئازارەكانی ژنانی گەڕاوەی شەنگال.
لە نێو ئەو پێشنیازانەدا بەخشینی ژنانی ئێزدی لە مەرجی تەمەن و 10 نمرەی زیاتر لە سەرووی نمرەكانیان بۆ وەرگرتن لە زانكۆكان بووە، ئەمەش هەنگاوێكی گرنگە بۆ پاڵپشتیكردنی خوێندن و تێكەڵبوونیان لەگەڵ كۆمەڵگادا.