"خەڵک هەیە لە چاوتروکانێکدا دوو ملیۆن دۆلاری لەدەستداوە"
مەترسی بازاڕی دراوە ئەلیکترۆنییەکان چین؟ شارەزایەکی ئەو بوارە بە وردی باسی دەکات
964+
دیلان محەمەد – سلێمانی
بازاڕی دراوە ئەلیکترۆنییەکان بۆ کەسانێک بووە خێر و بەرەکەت و بۆ هەندێک کەسیش مایەی ماڵوێرانی، بەقسەی شارەزایەکی ئەو بوارە، لە هەر 100 کەسێکدا تەنیا پێنج کەس دەتوانێت لەو رێیەوە دەوڵەمەند ببێت.
هیوا عوسمان شارەزای بواری دراوە ئەلیکترۆنییەکان بە 964ـی وت، “پێشهاتووە لەناو بازاڕی دراوە ئەلیکترۆنییەکان کەسانێک دەوڵەمەند ببن، بەڵام ژمارەیان کەمە و لەسەدا 90 بۆ 95ـی خەڵک لەناو ئەو بازاڕەدا زەرەرمەند بوون و لە هەر 100 کەسێک تەنیا پێنج کەس قازانج دەکەن”.
باسی لەوەشکرد، ئەو بازاڕە پێویستی بە لێزانین هەیە و نابێت لەگەڵ برۆکەرێک مامەڵە بکەیت و متمانەت پێی هەبێت.
لەئێستادا مامەڵەکردن بە دراوە ئەلیکترۆنییەکان لە هەموو دونیا باوە و لە کوردستانیش ژمارەیەکی زۆر لە هاوڵاتیان تیایدا زەرەرمەند بوون و پارەیان خوراوە، ئەمڕۆ سێشەممە 8.4.2025 بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشى هەولێر بڕیاریدا، مامەڵەکردن بەو دراوانە قەدەغە بکرێت و رایگەیاند، کۆمپانیاکانى فۆرێکس و دراوە ئەلیکترۆنییەکان لە هەرێمى کوردستان و عێراق رێگەپێدراو نین.
پێداچونەوە: شۆڕش قادری