رێبەر ئەحمەد وەزیری ناوخۆ داوا لە میدیاکاران دەکات لە رووداوەکانی توندوتیژیدا رۆڵی دادگا و داواکاری گشتی و پۆلیس نەبینن
وەزیری ناوخۆ بۆ میدیاکاران:
“لە رووداوەکانی توندوتیژیدا رۆڵی دادگا و داواکاری گشتی و پۆلیس مەبینن”
964+
شۆڕش قادری
دوای دەستپێشخەرییەکەی 964 بۆ راگرتنی رووماڵی هەواڵەکانی کوشتن، وەزیری ناوخۆی حکومەتی هەرێم داوا لە میدیاکاران دەکات، لە رووداوەکانی توندوتیژیدا رۆڵی دادگا و داواکاری گشتی و پۆلیس نەبینن و بەپێی رەوشتی پیشەی راگەیاندن کار بکەن.
ئەمڕۆ پێنجشەممە 27.3.2025 رێبەر ئەحمەد وەزیری ناوخۆی هەرێم لە کۆنگریەکەی رۆژنامەوانیدا داوای لە میدیا و میدیاکاران کرد، بۆ زیادکردنی بینەر و فۆلۆوەرز دوای رووداوەکانی کوشتن نەکەون، بەڵکو بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان بەدواداچوون بۆ ئەو جۆرە رووداوانە بکەن.
لە بەرنامەکانتاندا راستەوخۆ و بە تەلەفۆن لەگەڵ تاوانباران قسە مەکەن، چونکە ئەوە رێگەخۆشکەرە بۆ ئەوەی تاوانبار هان بدرێت، بیانوو بۆ تاوانەکەی بدۆزێتەوە
وتیشی، “تکایە لە رووداوەکانی توندوتیژیدا رۆڵی دادگا و داواکاری گشتی و پۆلیس و پزیشکی دادەوەری مەبینن و لە بەرنامەکانتاندا راستەوخۆ و بە تەلەفۆن لەگەڵ تاوانباران قسە مەکەن، چونکە ئەوە رێگەخۆشکەرە بۆ ئەوەی تاوانبار هان بدرێت، بیانوو بۆ تاوانەکەی بدۆزێتەوە، بڵاوکردنەوەی ئەو جۆرە رووداوانەش لەسەر شاشەی تەلەفیزیۆن، پێچەوانەوەی یاسا و ئایین و کەلتووریشە”.
رێبەر ئەحمەد ئاماژەی بەوەشکرد، خەریکە لە نێوان کەناڵەکان رکابەری بۆ بڵاوکردنەوەی ئەو جۆرە هەواڵانە دروست دەبێت.
ئەوەش دوای ئەوە دێت کە لە مانگی رەمەزانی ئەمساڵ و تەنیا لەماوەی 10 رۆژدا چەند رووداوێکی کوشتن بە چەک لە ناوچە جیاجیاکانی کوردستان روویاندا و بەهۆیانەوە نزیکەی 30 کەس کوژران و برینداربوون، دواتر 964 لە دەستپێشخەرێیەکدا رووماڵی ئەو جۆرە هەواڵانەی راگرت و دوێنێش، داواکارى گشتى سلێمانى و بەڕێوەبەرایەتی گشتی راگەیاندن و چاپ و بڵاوکردنەوە، هاتنەدەنگ و رایانگەیاند، هەر دەزگایەکى راگەیاندن رووماڵى کوشتن بکات رێکارى یاسایى بەرامبەر دەگرنەبەر.