بەرپرسانی هەولێر خەریكی سینی سینیانێ بوون
لە ماڵی توركمان
بەرپرسانی شاری هەولێر خەریكی سینی سینیانێ بوون
964+
ئەرسەلان عەبدوڵا
بەرپرسانی شاری هەولێر لە پارێزگار و قایمقام و بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوە و سەرۆكی شارەوانی، لە ماڵی توركمان بەبۆنەی رەمەزانەوە خەریكی یاری سینی سینیانێ بوون.
محەمەد دڵشاد بەڕێوەبەرى گشتیى رۆشنبیرى تورکمانی لە هەولێر، بە 964ی راگەیاند، چەند رۆژێكە فێستیڤاڵی سینی سینیانێمان لە ماڵی توركمان بەبۆنەی مانگی رەمەزان دەستپێكردووە و شەوانە یاریی دەكرێت، تا هەفتەیەكی دیكەش بەردەوام دەبێت.
وتیشی، شەوانە هاوڵاتیانی هەولێر و شارەكانی دیكەش دێنە فێستیڤاڵەكە و جەوێكی خۆشی هەیە، شەوی رابردووش ژمارەیەك بەرپرسی شاری هەولێریش هاتن و بەشداریی یارییەكەیان كرد.
بەڕێوەبەرایەتیى گشتیى رۆشنبیرى تورکمان لە هەولێر وێنەكانی فێستیڤاڵەكەی پۆست كردووە، كە شەوی رابردوو پارێزگاری هەولێر و ژمارەیەك بەرپرسی دیكەی یەكە ئیدارییەكانی شاری هەولێر، لەگەڵ هاوڵاتیان خەریكی یاریی سینی سینیانێ بوون.
لە وێنەكاندا دەردەكەوێت ژمارەیەك هونەرمەندی توركمانی و هاوڵاتیان بەشدارن و كەشێكی رەمەزانیی خۆشیان هەیە و قۆریات و گۆرانی و مەقام پێشكەش دەكرێت.
یاری سینی سنیانێ یان “سینی و زەرف” مێژوویەکی کۆنی ھەیە لە هەولێرى پایتەخت و ساڵانە لەگەڵ ھاتنی مانگی پیرۆزى رەمەزان دەست پێدەکات، لە چەند شوێنێكی هەولێر دەكرێت و ئارەزوومەندانی ئەو یارییە لە كەركوك و سلێمانی و شوێنەكانی دیكەشەوە دێنە هەولێر بۆ بەشداریكردن.