پێنج ساڵ بەسەر رووداوە سەختەکەدا تێدەپەڕێت
زینى وەرتێ؛ رێگەیەکى سەختى بێ هێماى هاتوچۆ
964+
ئاکام غەفور-سۆران
زینى وەرتێ، رێگەیەکى سەختى لۆفاوییە، بەڵام نەبوونى هێماى هاتوچۆ و گاردرێلى تەنیشتى رێگاکە، وایکردووە مەرجى سەلامەتى لە رێگەکەدا بوونى نەبێت.
ئەگەر ئۆتۆمبێلێک لە رێگە لابدات، بەهۆى نەبوونى هیچ راگرێک لە شاخەکە دەچیتە خوارەوە
یەکێک لە رووداوە خوێناوییەکانی ئەو رێگایە، دوو ساڵ لەمەوبەر بوو، لە 13.3.2023 ئۆتۆمبێلێک وەرگەڕا و لە شاخەکە کەوتە خوارەوە، بەهۆیەوە پێنج ئەندامی یەک خێزان کە خەڵکی باڵەکایەتی بوون گیانیان لە دەستدا.
بە رووداوی هاتوچۆ پێنج ئەندامی یەک خێزان گیانیان لەدەستدا
شۆڕش حەسەن، بەڕێوەبەری ناحیەی وەرتێ، لەسەر ئەو بابەتە قسەی بۆ 964 کردوە و وتى،”ساڵێک لەمەوبەر داوامان لە ئیدارەى سۆران کرد بۆ دانانى راگرى تەنیشتى رێگەکە، بڕیارى بۆ دەرچوو کە رێگەى زینى وەرتێ تا پردى حافز لە هەر کوێ پێویستى بە راگر بێت بۆى دادەنێن، هەموو شتێک ئامادەیە تەنها ئەوە ماوە دەست بکرێت بە کارکردن “.
وەک باسى دەکات، دانانى راگر و هێماى هاتوچۆ بۆ رێگەى زینى وەرتێ زۆر پێویستە و دەبوایە زوو دابنرایە، چونکە نەبوونى ئەم مەرجانە واى کردووە مەترسى لەسەر گیانى ئەو کەسانە دروستبێت کە لەوێوە بە ئۆتۆمبێل هاتوچۆ دەکەن.
رێگەی زینی وەرتێ، ئیدارەی سەربەخۆی سۆران و راپەڕین بەیەکەوە دەبەستێتەوە، کە بە شاخێکدا تێپەڕێت و لۆفاویى و سەختە، هەر لەگەڵ هاتنی وەرزی سەرما ئەو رێگەیە دەبێتە بەستەڵەک و بەفر، نەبوونی گاردرێلی تەنیشتی رێگا و هێمای هاتووچۆش رێگاکەی مەترسیدارتر کردوو.
پێداچوونەوە: وریا فەتاح