لە هەولێر سیستمی بانگدان رێکخرایەوە
ئەوە نەما هەر کەسێک بێت و بانگ بدات
964+
عەبدولعەزیز خالند – هەولێر
بانگدان لە شاری هەولێر رێکخراوەتەوە و لە هەزار 200 مزگەوت لە هەمان کاتدا و ساتدا بانگ دەدرێت، ئەوقاف و مامۆستایانی ئایینیش بە دڵیانە.
تەیب زرار، بەرێوبەری گشتیی ئەوقافی هەولێر، بە 964ـی وت، “بانگدانەکە بە سیستمی ئەلیکترۆنی نییە وەک ئەوەی بڵاوکراوەتەوە، بەڵکو سیستەمی بانگ یەکخراوەتەوە و لە سەرجەم مزگەوتەکانی سنووری پارێزگای هەولێر، کە پێکهاتووە لە هەزار و 200 مزگەوت، لە هەموویان لەیەک کاتدا بانگ دەدرێت”.
باسی لەوەش کرد،” بانگدانەکە لە ستۆدیۆی تایبەت دەبێت چەند کەسێکی دەنگ خۆشێک بۆ ئەو مەبەستە دانراون، لەمەودوا دەنگی ناخۆش ونەشاز بۆ بانگدان نابیستن.”
وتیشی، شێوازی بانگدانەکە لە رووی ئایینیەوە هیچ کێشەیەکی نییە وەک باس دەکرێت، چونکە بە شێوازی زیندوو لە ستۆدیۆ بانگ دەدرێت و دەگوازرێتەوە بۆ مزگەوتەکانی دیکە بە شێوازی کارۆ موگناتیسی.
پێداچوونەوە: ژێوار خدر