لە رواندز

هەڵمەتى دەستبەسەرداگرتنى ماتۆڕسکیلى بێسەرەتا و بێزارکەر دەستیپێکرد

964+

وریا فەتاح

لەقەزاى رەواندز، هەڵمەتى دەستبەسەرداگرتنى ماتۆڕسکیلى بێسەرەتا و بێزارکەر دەستیپێکرد، قایمقامى قەزاکەش دەڵێت، رەمەزانە و خەڵک بە زوویى بێزار دەبێت، بۆیە نامانەوێت ئەو دیاردەیە بەردەوام بێت.

ئەحمەد قادر، قایمقامى قەزاى رواندز بە 964ـى وت،”دواى ئەوەى هەفتەى رابردوو لیژنەیەکمان لە پۆلیسى هاتوچۆ و ئاسایش و پۆلیسى قەزاکە پێکهێنا، لە شەوى رابردووەوە دەستمان بە هەڵمەتى دەستبەسەرداگرتنى ماتۆڕسکیلە بێسەرەتا و بێزارەکان کرد”.

” شەوى رابردوو، چوار ماتۆڕسکیلمان دەستبەسەرداگرت و بەردەوامیش دەبین بۆ ئەوەى دیاردەکە کۆتایى پێبهێنین”، ئەحمەد قادر واى وت.

وتیشى،”لەماوەى رابردوودا گلەیى و گازندەى خەڵکمان پێگەیشت کە بەشێکى زۆر لە ماتۆڕسکیلەکان بوونەتە هۆى بێزارکردنیان ئەوەش لە رێگەى کونکردنى گزۆزەکەیانەوە، جا ئەوە مانگى رەمەزانیشە و خەڵک پێویستى بە ئارامییە بۆیە ئەو هەڵمەتەکان خستە بوارى جێبەجێکردنەوە و بەردەوامیش دەبین”.

ئاماژەى بەوەشکرد، ئەوان تێدەگەن بەشێکى زۆرى خەڵک ماتۆڕسکیلەکان بۆ کارو کەسابەت بەکاردەهێنن و رەچاوى ئەوە دەکەن، بەڵام دواى دەستبەسەرداگرتنى ماتۆڕسکیلەکان رێنماییەکانى هاتوچۆیان بەسەردا جێبەجێ دەکرێت.

قەزاى رواندز دەکەوێتە سنوورى پارێزگاى هەولێر و لەرووى ئیدارییەوە سەر بە ئیدارەى سەربەخۆى سۆرانە، ناوچەیەکى سەرکەشى گەشتیارییە و ناوچەى گەشتیارى بێخاڵ و شنگلبانە دەکەوێتە سنوورەکە.