حاسڵاتی پرۆسەی ئاشتی
پەیامەکە بە ڤیدیۆیە.. تەلەفۆنەکەی دەمیرتاش و سێ مانگە یەکلاکەرەوەکە
ژووری هەواڵ
تائێستا هەموو شت بەو ئاڕاستەیە دەڕوات کە پڕۆسەی ئاشتی لە تورکیاو باکوری کوردستان بکەوێتە سەر پێی خۆی، فەرموون بە خێرایی ئەمە حاسڵاتی زانیارییە گرنگەکانی پەیوەست بەو پرۆسەیەیە
– ماڵپەری خەبەر تورک بڵاویکردەوە: دەوڵەت باخچەلی سەرۆکی پارتی بزوتنەوەی نەتەوەیی تورکیا بە تەلەفۆن قسەی لەگەڵ سەڵاحەدین دەمیرتاش، هاوسەرۆکی پێشووی هەدەپە کردووەو سوپاسی دەمیرتاشی کردووە کە پاڵپشتی پرۆسەی ئاشتییە.
– تولاى حاتیم ئۆغڵولاری هاوسەرۆکی دەم پارتی رایگەیاند: کۆبوونەوەکەی ئەم دواییەیان لەگەڵ ئۆجەلان چوار کاتژمێری خایاندووەو هەمووی بە ڤیدیۆ تۆمارکراوە، لەوێ ئۆجەلان بە روونی پەیامەکەی باسکردووە.
– سرەی سورەیا جێگری سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا و ئەندامی شاندی ئیمرالی رایگەیاند: لە هەفتەی داهاتووەوە دەست بە کۆبوونەوەکان دەکرێت و بە سێ مانگی هەموو شتێک لە بارەی پرۆسەی ئاشتییەوە یەکلادەبێتەوە.
– فەرماندەیی بڕیارگەی ناوەندی پاراستنی گەل (نەپەگە) راگەیەندراوێکی بڵاوکردووتەوەو دەڵێت ئەوانیش وەکو هەموو هێزە چەکدارەکانی سەر بەپەکەکە بە تەواوی پابەندن بە ئاگربەستەوە.
– پارتی ژیانی ئازادیی کوردستان (پژاک) رایگەیاند: بە هەموو شێوەیەک پشتیوانیی خۆمان لە بانگەوازو دەستپیشخەرییەکەی ئاپۆ بۆ دەستەبەربوونی ئاشتی بەردەوام لە تورکیا رادەگەیەنین.
– ئەنجومەنی دایکانی ئاشتی لە ئامەدو مێرسین کۆبوونەوەو پشتیوانی خۆیان بۆ سەرخستنی پرۆسەی ئاشتی راگەیاند: ئەوان دەڵێن رەنگی فرمێسکی چاوی دایکان لە هەردوولای شەڕەکە وەک یەکە.
– لە کوردستان و لە عێراقیش دەنگێکی جدی پەیدا بووە دەڵێن مادام پرۆسەی ئاشتی راگەیەندراوە هیچ بیانوویەک نەماوە بۆ مانەوەی هێزەکانی تورکیا لە خاکی هەرێمی کوردستان و دەبێت بکشێنەوە.
– رۆژنامەی حورییەت بڵاویکردەوە رەجەب تەیب ئەردۆغان لە ئێوارەخوانێک بۆ کەسوکاری سەربازە کوژراوەکان رایگەیاندووە: ئەگەر پێویست بکات درێژە بە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکەمان دەدەین دژی پەکەکە.
– تائێستا تورکیا لەلای خۆیەوە پابەندنەبووە بە ئاشتییەوە، بەرەبەیانی ئەمڕۆ لە چیای لینکێ لە ناحیەی دێرەلووکی پارێزگای دهۆک تورکیا بە کۆپتەر هێرشی کردووەتە سەر چەکدارانی پەکەکە.
– بەپێی زانیارییەکانی رێکخراوی دروستکردنی ئاشتی لە کۆمەڵگا (CPT): لە رۆژی 27ی شوباتەوە، واتە لەو کاتەوەی ئۆجەلان پەیامەکەی راگەیاندووە: تورکیا هەشتجار هێرش و بۆردومانی بۆ سەر ناوچە جیاجیاکانی هەرێمی کوردستان ئەنجام داوە.