"سوودمەندانی گوندی کۆرییش دەتوانن زەوی وەربگرنەوە"

شارەوانیی هەولێر: تا یەک فەرمانبەر مابێت دابەشکردنی زەوی ناوەستێت

شۆڕش قادری

دابەشکردنی زەوی بەسەر فەرمانبەراندا لە هەولێر بەردەوامە و شارەوانییش دەڵێت، تا یەک فەرمانبەر مابێت، دابەشکردنی زەوی ناوەستێت.

نەبەز مستەفا بەرپرسی راگەیاندنی سەرۆکایەتیی شارەوانی هەولێر لە رێی 964ـەوە موژدەی دایە فەرمانبەران و بە تایبەتیش سوودمەندانی گوندی کۆری و وتی، ” ئەو کەسانەی لە گوندی کۆری زەوییان وەرگرتووە بە سوودمەند هەژمار ناکرێن و دەتوانن زەوی وەربگرنەوە.”

دڵنیاییشی دا لەوەی تا یەک فەرمانبەر لە سنووری هەولێر مابێت، دابەشكردنی زەوی ناوەستێت.

بڕیاری دابەشکردنی زەوی بەسەر فەرمانبەراندا لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە دەرچووە و چەند مانگێکە لە ناوچە جیاجیاکانی کوردستان دەستیپێکردووە.