تەندروستیی سۆران هۆشداری دەدات:
هەر پزیشکێک لە شوێنی بێ مۆڵەت کار بکات سزا دەدرێت
وریا فەتاح
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تەندروستیی سۆران بڕیارێکی نوێی دەرکرد و سەرجەم پزیشکان و کارمەندانی تەندروستی سنوورەکەی ئاگادار دەکاتەوە، کە نابێت دوای دەوامی فەرمی لەو شوێنانەی کەرتی تایبەت کار بکەن کە مۆڵەتیان نییە و مەرجەکانیان تێدا نییە.
بەپێی فەرمانێکی کارگێڕی کە رۆژى (7.5.2026) دەرچووە و ئەمڕۆ بڵاوکراوەتەوە و واژۆی د. کامەران مەلا محەمەد شێروانی، بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی سۆرانی لەسەرە، بڕیار دراوە بە پابەندکردنی گشت پزیشکان و کارمەندانی تەندروستی بە گشت پسپۆڕییەکانەوە بە مەرجێکی نوێوە.
لە فەرمانەکەدا هاتووە، “پێویستە کارکردنیان لە کەرتی تایبەت دوای دەوامی فەرمی، تەنیا لەو شوێنانە بێت کە مۆڵەتی فەرمییان هەیە و مەرجی تەندروستییان تێدایە”.
تەندروستیی سۆران هۆشداریی توندیشی داوە و دەڵێت، بەپێچەوانەوە، سەرباری سزادانی شوێنەکە (کە بێ مۆڵەتە)، ئەو پزیشک و کارمەندەش کە لەوێ کار دەکەن رووبەڕووی لێپرسینەوەی یاسایی دەبنەوە.
ئەم فەرمانەی تەندروستیی سۆران لە رۆژی دەرچوونییەوە کاری پێدەکرێت و گشتاندنی بۆ سەرجەم بەش و بەڕێوەبەرایەتییەکانی خوار خۆی کردووە بۆ ئەوەی لێی ئاگادار بن و بەدواداچوونی بۆ بکەن.