"ئۆتۆمبێلەکەم پشکێنراوە"

بەشێک لەو ئۆتۆمبێلانەی لە عەربەت دەستیان بەسەرداگیرا وەرنەگیراونەتەوە

دیلان محەمەد – سلێمانی

شەوی رابردوو ئۆتۆمبێلی بەشێک لە مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازی لە عەربەت دەستی بەسەرداگیرا و ئەمڕۆ بەشێکیان وەریانگرتووەتەوە.

ئاوات ئازاد مامۆستای ناڕازی بە 964ـی وت، پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ ئۆتۆمبێلەکەی وەرگرتووەتەوە و کاتێک دوێنێ شەو بەجێیهێشتووە دەرگاکانی داخستووە، بەڵام ئەمڕۆ کە وەریگرتووەتەوە، دەرگاکانی کراوە بوون و پشکێنراوە.

باسی لەوەشکرد، تائێستا بەشێک لە مامۆستاکان ئۆتۆمبێل و مۆبایلەکانیان وەرنەگرتووەتەوە.

شەوی رابردوو لەسەر جادەی عەربەت – سلێمانی گرژی و ئاڵۆزی لە نێوان خۆپیشاندەران و شۆفێر تانکەرەکان دروستبوو و ئۆتۆمبێڵی بەشێک لە مامۆستایان و خۆپیشاندەرانیش دەستیان بەسەرداگیرا.

پێداچوونەوە: شۆڕش قادری