10 ملیۆن دیناری لێ وەرگیراوەتەوە

عەدادێكی كارەبای شارەزوور پارەی هاوڵاتیانی بردووە و دەستگیر كرا

+964
بڕوا مەجید – شارەزوور

کارمەندێکی هۆبەی کارەبای شارەزوور، کە کاری “عدادی ” خوێندنەوەی پێوەری کارەبای ماڵان بووە ، پارەی لە هاوڵاتیانی گەڕەکی هەڵەبجەی 1 وەرگرتووە لە قەزای شارەزوور و پارەکەی نەگەڕاندووەتەوە بۆ هۆبەی کارەبای شارەزوور.

حاجی لوقمان ، لێپرسراوی هۆبەی کارەبای شارەزوور بۆ 964 وتی، “دوای ئەوەی هاوڵاتییەک نیگەرانیی دەربڕی لە خوێندنەوەی پێوەری کارەبای ماڵەکەی و پێی راگەیاندین کە پێشتر پارەی داوە، بەڵام  لەفەرمانگەکە بە وەرنەگیراو نووسیویانە، بەدواداچونمان بۆ کێشەکەی کرد و بۆمان دەرکەوت کارمەندێکی هۆبەکەمان، کە پیشەی خوێندنەوەی پێوەری زیاتر لە هەزار ماڵی لەسەرە، پارەی لە هاوڵاتیان وەرگرتووە و پارەکەی نەگەڕاندووەتەوە بۆ فەرمانگەكە”.

ئەوەشی وت، “ئێمە وەک فەرمانگەکە سکاڵای یاساییمان لەسەر فەرمانبەرەکە تۆمارکردووە، چەند رۆژێکە دەستبەسەر کراوە و دواتر بە كەفالەت بەربووە، تا ئێستاش نزیکەی 10 ملیۆن دینارمان لێ وەرگرتووەتەوە، بەڵام پارەی چەند وەسڵێکی دیكەی لاماوە، کە نزیکەی 2 ملیۆن دینار دەبێت.

لێپرسراوی هۆبەی کارەبای شارەزوور داوا هەر لە ماڵ و دوکاندارەكان دەكات، كە لە ساڵی 2020 تا 2024 پارەیان داوە بەو عەدادە، وەسڵێک بهێنن بۆ هۆبەی کارەبا، تا دڵنیا ببنەوە لەوەی لە حسابەکەیان کەمکراوەتەوە، یان عەدادەكە پارەکەی نەگەڕاندووەتەوە، تا ئەوانیش  بتوانین لە رێگەی یاساوە پارەی هاوڵاتیان و کاسبکاران بگەڕێننەوە.

پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا

بۆ ئەم مانگە پارەی كارەبای مۆلیدە لە هەولێر و دهۆك چەند...

بۆ ئەم مانگە پارەی كارەبای مۆلیدە لە هەولێر و دهۆك چەندە؟