شۆفێران ئاگاداربن

هاتوچۆى سلێمانى: کامێراى تۆمارکردنى تیژڕۆیى هیچ شەقام و رێگەیەک لانەبراون

وریا فەتاح

هاتوچۆى سلێمانى رەتى دەکاتەوە کامێراکانى تۆمارکردنى تیژڕۆیى لە شەقامى تاسلوجە- سلێمانى لابرابن، دەشڵێت: ئەو هەواڵانەى بڵاوکراونەتەوە دوورن لە راستى.

هاتوچۆى سلێمانى لە ئاگادارییەکدا رەتى دەکاتەوە کە ئەو دەنگۆیانە راستبن کە باس لە لێکردنەوەى کامێراکانى تۆمارکردنى تیژڕۆیى رێگەى دوکان تاسلوجە، یان تاسلوجە سلێمانى، دەکەن.

هاتوچۆى سلێمانى روونى کردووەتەوە، کامێراکان وەک هەر ئامێرێکی دیکە پێویستی بە صیانە و ئیدامە و چاککردن و گۆڕینە، بەڵام بە گشتی وەک بنەمایەک بەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆی سلێمانی بەهیچ جۆرێک لە هیچ شەقامێک کە کامێرای داناوە هەڵنەوەشاوەتەوە و لای نابات.

وەک باسى دەکات، لە هەندێک شوێن کامێراکان بە سیستەمێکی نوێوە جۆری کامێرای پێشکەوتووتر لە ڕووی کوالێتییەوە دادەنرێت.

“شۆفێران ئاگادار دەکەین سەرچاوەی راست و دروستی بابەتەکان هەمووی لەلای بەشی راگەیاندنی هاتووچۆی سلێمانییە، ئەو پەیج و ماڵپەڕانە سەربەخۆ قسە دەکەن بۆ کۆکردنەوەی ڤیو و لایک و کۆمێنت ئەم کارە دەکەن، جۆرێک لە چەواشەکاری بۆ خەڵکی دروست دەکەن کە شۆفێر وا تێدەگات کە چیتر کامێرا نەماوە و وا دەکات خێرا شۆفێری بکەن کە ئەمەش وا دەکات هەم ئەگەر رووداو زیاد بکات هەم تووشی سزا ببێت، بۆیە دڵنیاتان دەکەین بەهیچ جۆرێک کامێراکان لێ ناکرێنەوە”، هاتوچۆى سلێمانى وادەڵێت.