رووبەڕووى یەکترى بوونەوە

سەپاى عێراق بەرۆکى جوتیارانى کورد بەرنادات

964+

وریا فەتاح

سوپاى عێراق بەرۆکى جوتیارانى کورد بەرنادات و جارێکى دیکە رێگرى لێکردن زەوییەکانیان بکێڵن، نوێنەرى جوتیارانى کوردیش دەڵێت، سەرەڕاى بڕیارەکان، بەڵام رێگریکردن درێژەى هەیە.

ئەمڕۆ دووشەممە، جوتیارانى کوردى سنوورى ناحیەى سەرگەڕان، دەستیان کرد بە کێڵانى زەوییەکانیان، بەڵام هێزێکى زۆرى سەرکردایەتى ئۆپۆراسیۆنەکانى کەرکوک بە هەمەڕى سەربازییەوە گەیشتە سەر زەوییەکان و رێگریان لە جوتیاران کرد زەوییەکانیان بکێڵن.

لە کاتى رێگرییەکەدا چەند رووبەڕووبوونەوەیەک لە نێوان جویتاران و سەربازانى سوپاى عێراق روویدا، جوتیارانى کورد رێگرییەکانى سووپا بە دەستدرێژى بۆسەر خاکەکەیان لەقەڵەم دەدەن، هەرچى سوپاى عێراقیشە دەڵێن، هیچ رێنماییەکى نوێیان بۆ نەهاتووە تا رێگە بە جوتیاران بدەن تا زەوییەکانیان بکێڵن.

محەمەد ئەمین، نوێنەرى جوتیارانى ناحیەى سەرگەڕان بە 964ـى وت،”ویستمان بە کێڵانى زەوییەکانمان ئەو ئابڵوقەیە بشکێنین کە خراوەتە سەر زەوییەکانمان، بەڵام وەک هەمیشە سوپاى عێراق درێژەیاندا بە رێگریکردن”.

بە وتەى نوێنەرى جوتیارانى سەرگەڕان، سەرەڕاى دەرچونی بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەکانی پێشوی رژێمی بەعس، سوپای عیراق رێگری دەکات لە جوتیارانی کوردی ناحیەی سەرگەڕان و دەڵێن، هیچ رێنمایی و فەرمانێکیان پێنەگەیشتووە تا رێگە بە جوتیاران بدەن.

محەمەد ئەمین:
ئەوەى ئێستا کێشەى تێدایە و سوپاى عێراق رێگرى لێدەکات، زەوى جوتیارانى کوردى پێنج گوندى سەرگەڕانن کە پێکهاتوون لە هەریەک لە گوندەکانی (سەربەشاخ، پەڵکانە، خەرابە، گابەرکە و شەناغە)، کە رووبەرى زەوییەکانى 35 هەزار دۆنم زەوییە و سەرجەمى هى جوتیارانى کوردە

کێشەى جوتیاران چییە؟

رووبەرى ئەو زەویانەى جوتیارانى کورد و تورکمان لە سنوورى کەرکوک کێشەى موڵکایەتییان هەیە، زیاترە لە یەک ملیۆن و 200 هەزار دۆنم زەوى، کە زۆرینەى زۆریان تاپۆى رەشى ساڵى 1937ـیان هەیە.

زەوى جوتیارانى کورد و تورکمان بەچەند بڕیارێک دەستیان بەسەرداگیراوە و جوتیارانى کورد ناچارکراون شوێنەکانیان جێبهێڵن و عەرەبى هاوردەیان کردووە بە خانەخوێ و خاوەن زەوى.

بڕیارەکان ئەمانەن: بڕیارى 949ى ساڵى 1975ـى حکومەتى ئەوساى عێراق، بڕیارى ئەنجومەنى سەرکردایەتى شۆڕش (مجلس قیادة ثورة) کە لە ساڵى 1982 دەرکرا، بڕیارى لیژنەى کاروبارى باکور لە ساڵى 1987، بەگشتى بەهۆى ئەم بڕیارانەوە یەک ملیۆن و 200 هەزار دۆنم زەوى لە جوتیارانى کورد و تورکمان سەندرایەوە و بەشى زۆرى درا بە عەرەبى هاوردە و بەشێکیشى بەناوى حکومەتى عێراقى کرا و جوتیارانى کوردیش ناچار بە قەرەبوویەکى ناچاریى کران کە بۆ هەر دۆنمێک یەک دینار و 25 فلسیان بە زۆرەملێ داوە بە جوتیاران.

هەرچەندە لە ساڵى 2012 ئەنجومەنى وەزیرانى عێراق بە بڕیارى ژمارە 29، بڕیارەکانى لیژنەى کاروبارى باکورى هەڵوەشاندەوە و دۆخەکەى گەڕاندەوە بۆ خاڵى سەرەتا، بەڵام تائێستاى لەگەڵ بێت ئەو بڕیارە جێبەجێ نەکراوە

لە ئەمڕۆوە رێگە بە جوتیارانی سەرگەڕان دەدرێت دروێنە بک...

لە ئەمڕۆوە رێگە بە جوتیارانی سەرگەڕان دەدرێت دروێنە بکەن