"وابڕوات ناتوانین كار بكەین"
كۆمپانیاكانی دابینكردنی كارگوزاری بیانی لە سلێمانی هاواریان لێ هەڵساوە
964+
دیلان محەمەد
رێنمایی نوێ بۆ كاركردنی كارگوزاری بیانی لە سلێمانی جێبەجێ دەكرێت
رسومات و پارەی زۆر لەسەر كۆمپانیاكانی دابینكردنی كارگوزار زیادكراوە، ئەمەش وای لە خاوەن كۆمپانیاكان كرد، گردببنەوە و ناڕەزایی دەرببڕن.
خاوەن كۆمپانیاكان ئەمڕۆ سێشەممە 11.2.2025 لە بەردەم بەڕێوەبەرایەتی گشتیی كار و دەستەبەری كۆمەڵایەتیی سلێمانی گردبوونەوە و داوایان كرد چارەیەك بۆ كێشەكانیان بدۆزرێتەوە، چونكە وەك یەكێك لە خاوەن كۆمپانیاكان بە 964ی راگەیاند، وابڕوات ناتوانن كار بكەن.
خاوەن كۆمپانیایەكی دیكەش وتی، رێنماییە نوێیەكان لە شەشی ئەم مانگەوە كەوتوونەتە بواری جێبەجێكردن، كە بارگرانییەكی زۆر دەكەوێتە سەر كۆمپانیا و ماڵەكانیش بۆ دابینكردن و خستەسەركاری كارگوزار و كارمەندانی بیانی لە سلێمانی، پارە و رسوماتی زۆر زیاد كراوە و ئەمەش وا دەكات نەتوانیت كار بكەین.
بە گوێرەی لێدوانی یەكێك لەو خاوەن كۆمپانیایانە، نزیكەی 17 كۆمپانیای دابینكردنی دەستی كاری بیانی لە سلێمانی كاردەكەن.
پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا