لە رێگاى حاجى ئۆمەران، تیمەکانى پاککردنەوەى رێگاوبانى سۆران سەرقاڵى پاککردنەوەن
"بەردەوام بەفر رادەماڵین"
رێگاوبانى سۆران: حاجى ئۆمەران ئەزێتى داین
وریا فەتاح
تیمەکانى پاراستنى رێگاوبانى سۆران بەردەوامن لە راماڵینى بەفر و پاککردنەوەى رێگاکانى سنوورەکە، بەوتەى بەڕێوەبەرەکەیان ” حاجى ئۆمەران زۆر ئەزێتى داون”.
ئەم بەیانییەزوو، تیمەکان پاراستنى رێگاوبانى سۆران، لەسەر رێگاى سەرەکى چۆمان بۆ حاجى ئۆمەران دەستیان بە کارکردن کرد بۆ لادانى بەفرەکە و تواندنەوەى بەستەڵەکى رێگاکە و پرژاندنى خوێ.
خۆسرەت سادق، بەڕێوەبەرى بەڕێوەبەرایەتی چاککردنەوەو پاراستنی رێگاوبانی سۆران قسەى بۆ 964 کردوو، وتى،”تیمەکانمان بەردەوامن لە پاککردنەوەى رێگاکان، بەڵام بەراستى حاجى ئۆمەران ئەو ماوەیە زۆر ئەزێتى داین، چونکە کڕێوەى زۆرە و بەستەڵەکى زۆرە”.
هەرچەندە ئەمڕۆ کەشوهەوا بەرەو ئاسایى بوونەوە چووە، بەڵام وەک ئەوەى خۆسرەت سادق باسى دەکات، لە حاجى ئۆمەران زۆربەى جار کڕێوەیە و بەفرەکە نایبەستێت، بۆیە بە با وەک ئارد دەچێتەوە سەر جادە و دەبێت تیمەکانیان بەردەوام پاکى بکەنەوە.
“لە ئێستادا هەموو رێگا سەرەکییەکانى سنوورى ئیدارەى سۆران پاککراونەتەوە و کێشەیان نییە، تەنیا رێگەى وێزێ کە بەرزترین گوندى کوردستانە و لە زستاندا هیچ ماڵێکى لێ نییە، بەڵام کەسێک بەبێ رەچاوکردنى کەشى زستان شوێنێکى گەشتیارى لەوێ کردووەتەوە، ئەمەش واى کردووە لە کاتى چونى گەشتیار، توشى گیر خواردن ببن”، خۆسرەت سادق واى وت.
هەروەک باسى لەوەشکرد، کەسێک ملیۆنان دۆلار لە کردنەوەى شوێنى گەشتیارى خەرج دەکات و شەوانە بەچەند سەد دۆلارێک بەکرێى دەدات، دەبوو بیرى لە زستان و دابینکردنى ئامێرى راماڵینى بەفر کردبایەوە، چونکە ئەو شوێنە ستاندارد نییە و ئامێرەکانی رێگاوبانى سۆران ناتوانن پێى بگەن ئەگەر هاتوو گیرخواردن رووبدات.