لە بەردەڕەش و بازگەی بەدریکێ و سلێمانی

لە سێ رووداوی هاتوچۆدا منداڵێک گیانی لەدەستدا و شەش کەسیش برینداربوون

هێڤی دێوالی – دهۆک

لە سنوری قەزای بەردەڕەش منداڵێک کەوتە ژێر ئۆتۆمبێل و گیانی لەدەستدا،  لە بازگەی بەدریكێ و سلێمانیش، لە دوو رووداوی هاتوچۆدا شەش کەس برینداربوون.

نەشوان بەرزنجی وتەبێژی تەندروستی قەزای بەردەڕەش بە 964ـی وت، “ئەمڕۆ یەکشەممە 2.2.2025 لە ناحیەی دارەتوو، منداڵێکی تەمەن دوو ساڵ  بەناوی ئەحمەد سەعد کەوتووەتە ژێر ئۆتۆمبێلێک و دەستبەجێ گیانی لەدەستداوە”.

ئاماژەی بەوەشکرد، تەرمەکەی رەوانەی پزیشکی دادی ئاکرێ دەکرێت و دوای توێکاری رادەستی کەسوکاری دەکرێتەوە.

كەمێك لەمەوبەریش لە بازگەی بەدریكێ لە نێوان موسڵ و شێخان بارهەڵگرێك خوی بە دوو ئۆتۆمبێلدا کێشا و بەهۆیەوە چوار کەس برینداربوون.

هەر ئەمڕۆ بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی سلێمانی رایگەیاند، لە گەڕەکی قولەڕەیسی و نزیک زانکۆی کۆمار، رووداوێکی هاتوچۆ لەنێوان بارهەڵگرێک و ئۆتۆمبێلێکی تایبەت روویداوە و لە ئەنجامدا شۆفێر و سەرنشینێکی ئۆتۆمبێلە تایبەتەکە برینداربوون.

پێداچوونەوە: شۆڕش قادری