پڕۆژه‌یه‌ك قوتابییه‌ دووركه‌وتووه‌كان ده‌گه‌ڕێنێته‌وه‌ خوێندن

+964

فه‌رهاد حه‌سه‌ن

له‌ رابردوودا زیاتر له‌ 1000 قوتابی له‌ سنوورى ئیداره‌ى سۆران وازیان له‌ خوێندن هێناوه‌، به‌ڵام لیژنه‌یه‌كی تایبه‌تمه‌ند كه‌ رێكخراوى یۆنیسێفیشیان له‌گه‌ڵدایە، كار بۆ گه‌ڕاندنه‌وه‌ى ئه‌و قوتابیانه‌ ده‌كه‌ن و تا ئێستاش ژماره‌یه‌كیان گه‌ڕاندوونه‌ته‌وه‌.

ئینزار تاهیر به‌رپرسی به‌شی پلاندانان له‌ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیى گشتىی په‌روه‌رده‌ى سۆران به‌ تۆڕى964ـى راگه‌یاند له‌ مانگى ئه‌یلوولی ساڵى رابردووه‌وه‌ له‌ چوارچێوه‌ی پڕۆژه‌یه‌ك ده‌ستیان به‌ گه‌ڕاندنه‌وه‌ى ئه‌و قوتابیانه‌ كردووه‌.

وتیشی “له‌ ماوه‌ى چه‌ندان ساڵى رابردوودا له‌و سنووره‌ 1096 قوتابی به‌ هۆكارى جیاجیا له‌ خوێندن دووركه‌وتوونه‌ته‌وه‌، به‌ڵام له‌ رێگه‌ى ئه‌و پڕۆژه‌یه‌مانه‌وه‌ توانراوه‌ تا ئێستا 243 قوتابی بگه‌ڕێندرێنه‌وه‌ به‌ر خوێندن”.

تۆڕى964 له‌ په‌روه‌رده‌ى گشتیی سۆرانه‌وه‌ زانیویه‌تى، پرۆژه‌ى گه‌ڕاندنه‌وه‌ى قوتابیه‌ دووركه‌وتوه‌كان له‌ ‌خوێندن له‌ 25ـى ئه‌یلوولی 2022 ده‌ستیپێكردووه‌و تا ئێستاش به‌رده‌وامیی هه‌یه‌.

به‌رپرسی پلاندانان ئه‌وه‌ى روونكرده‌وه‌، “له‌ رۆژی ده‌ستپێكردنى ئه‌و پڕۆژه‌یه‌مان تا سه‌ره‌تاى مانگى تشرینی دووه‌مى 2022 توانراوه‌ ئه‌و ژماره‌ قوتابییه‌ بگه‌ڕێنرێنه‌وه‌”.

وتیشی “پڕۆژەی گەڕانەوەی قوتابی بۆ خوێندن لە وەزارەتی پەروەردە بە هاوكاری رێكخراوی یونسێف ده‌ستیپێكردووه‌، له‌سنوورى سۆرانیشدا له‌ رێگه‌ى دروستكردنى پێنج گرووپ به‌ هه‌ماهه‌نگی په‌روه‌رده‌كانى مێرگەسۆر، چۆمان، رواندز، جێبه‌جێ ده‌كرێت”.

ئه‌وه‌شی ئاشكرا كرد، یەكێك لەو گیروگرفتانەی ساڵانە تووشی پڕۆسەی پەروەردە و فێربوون دەبێـتەوە، وازهێنانی قوتابی لە قوتابخانە و خوێندن، كە ده‌ڵێ “ئەمەش كاریگەریی نەرێنی هەیە لە سەر زیاد بوونی رێژەی نەخوێندەواری و نەزانین و لاوازبوونی ژێرخانی ئابووری.”

له‌ باره‌ى هۆكاره‌كانى و‌ازهێنانى ئه‌و قوتابیانە، ئینزار تاهیر، بەرپرسی پلاندانان، وتى “كۆمەڵێك هۆكار هەن، به‌ڵام خراپی باری ئابووری و گوزەرانی ژیان و كەمدەرامەتی، هۆكاره‌ سەرەكییەکانن”.

هۆكارێكی دیکەش، کە ئەو باسی ده‌كات، چاولێكه‌رى قوتابیانه‌ كه‌ واز له‌ خوێندن دێنن و لاسایی یه‌كدى ده‌كه‌نه‌وه‌. هەروه‌ها دووریی ماڵ لە قوتابخانە و نەبوونی قوتابخانەی ئێواران و هەڵسوكەوتی قوتابی لەگەڵ یەكتری، له‌ هۆكاره‌كانى دیكه‌ى وازهێنانى قوتابیانن له‌ خوێندن .